گۆڕان راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه
"بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەیان لە ژیانی سیاسی لە ئەستۆگرت"

K24 – ههولێر:
دوای ئهوهی خانهی راپهڕاندنی گۆڕان ههڵوێستی خۆی له بارهی شكستی بزووتنهوهكهیان له ههڵبژاردنی گشتیی راگهیاند، راگهیندراوێكیان بڵاو كردهوه.
له راگهیندراوهكهدا ئاماژهیپێكراوه، ئەمڕۆ چوارشەممە، (13ی تشرینی یهكهم / ئۆكتۆبهر)، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی، کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا.
له راگهیندراوهكهدا ئاماژه بۆ چوار خاڵ كراوه، تێیدا هاتووه:
یەکەم: وەک دروستکردنی پێشینەیەکی سیاسی نوێ و ڕچەشکێن، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەیان لە ژیانی سیاسی لە ئەستۆگرت تا دروستکردنی دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە و ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتیمانی، ئەمەش هەنگاوێکە جێگای نرخاندنی بەرزە و وەڵامی ڕاستەوخۆی ئیرادەی گۆڕانخوازانە بۆ گۆڕانکاری.
دووەم: ستراتیژی بنیاتنانەوەی پایەکانی قۆناغی نوێ لە رێگەی داڕشتنەوەی بنەماکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕێکخراوەیی، میدیایی، گوتاری سیاسی و پرسی بەشداری گۆڕان لە حكومەتدا بڕیاریان لێ درا.
سێیەم: ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبونەوەی فراوان لەگەڵ گۆڕانخوازان بۆ دروستکردنی بڕیاری دەستەجەمعی و دەستپێکی قۆناغی هەستانەوە. هاوکات بۆ نرخاندنی توانا و پەرۆشی ئەو خەڵکانەی لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا هاوکار و پاڵپشتی بزوتنەوەی گۆڕان بون، یان نوێنەرایەتیان کردوە و زیانیان بە بزوتنەوەکە نەگەیاندوە؛ پەیوەندیان لەگەڵ بکرێت و ببنەوە بە بەشێک لە ستراتیژی بنیادنانەوە و داڕشتنەوەی متمانە.
چوارەم: ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی کاتی نوشستی خواردوە، بەڵام هەموو گۆڕانخوازان دڵنیادەکەینەوە؛ هەڵەکان راست دەکەینەوە و، ئیرادەی بەخۆداچونەوە و چاکسازی و گۆڕانکاری خەڵکی کوردستان سەردەکەوێ.