بارزانى: كۆچى زه‌ڵمى خه‌مبارى كردم

مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ بۆنه‌ى كۆچى دوايى زاناى ناودارى كورد پرۆفيسۆر مسته‌فا زه‌ڵمييه‌وه‌ برووسكه‌يه‌كى سه‌ره‌خۆشى ئاراسته‌ى بنه‌ماڵه‌ى زه‌ڵمى و مامۆستايانى ئاينى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ بۆنه‌ى كۆچى دوايى زاناى ناودارى كورد پرۆفيسۆر مسته‌فا زه‌ڵمييه‌وه‌ برووسكه‌يه‌كى سه‌ره‌خۆشى ئاراسته‌ى بنه‌ماڵه‌ى زه‌ڵمى و مامۆستايانى ئاينى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ برووسكه‌كه‌دا سه‌رۆكى هه‌رێم وێڕاى ستايشكردنى كار و تێكۆشانى زاناى ناودارى كورد، رايگه‌ياندووه‌، هەواڵی كۆچی دوایی بیرمەندی ناوداری کوردستان و جیهانی ئیسلامی و کەسایەتیی نیشتیمانپەروەری کوردستان، پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی خەمباری کردم.

ده‌قى برووسكه‌كه‌:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بنەماڵەی بەڕێزی پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی

هەواڵی كۆچی دوایی بیرمەندی ناوداری کوردستان و جیهانی ئیسلامی و کەسایەتیی نیشتیمانپەروەری کوردستان، پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی خەمباری کردم.

دکتۆر مستەفا زەڵمی، وەک زانا و بیرمەندێکی بە ئەزموون و بەتوانا، کەسایەتییەکی گەورە و بەناوبانگی جیهانی ئیسلامی بوو و وەک عەللامە و بیرمەندێکی گەورە پێگەیەکی گرینگی لە ناوەندە زانستی و ئایینییەکاندا هەبوو و بەرهەمەکانی دەگاتە زیاتر لە ٧٠ کتێبی چاپکراو و چاپ نەکراو کە هەندێکیان لە زانکۆکاندا بوونەتە مەنهەج و بۆچوونەکانیشی لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی جێگەی متمانە بوون.

پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا لە سەر ئاستی کوردستانیش، ڕاوێژی شەرعی و یاسایی پێشکەشی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان کردووە و رۆڵێکی گرینگی لە هەموارکردنەوەی یاسای باری شارستانی و برەودان بە رەوتی میانڕۆی ئایینی و عەقڵانییەت و دژایەتی بیری توندڕۆیی هەبوو و بەوەیش خزمەتێکی گەورەی پێشکەشی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکرد و لەدەستدانی بۆ کوردستان و عێراق و جیهان، خەسارەتێکی گەورەیە.

لەم بۆنە خەمناکەدا لە دڵەوە سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و کەسوکار و خزمان و ئاشنایانتان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینیی کوردستان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم.

لە خودای گەورە داواكارم گیانی پاکی دکتۆر مستەفا بباتە بەر رەحمەتی خۆی و دڵنەوایی و ئارامییش بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا لله و انا الیه راجعون

مسعود بارزانی

4ـی 6ـی 2016