ئەوروپا هەوڵی زیندووکردنەوەی دانووستانهكانی ڤیهننا دهدات
نوێنهری ئهوروپا له دانووستانی ڤیهننا له تارانه

K24 - ههولێر:
بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی ئەمهریکای کردووە و هاوکاتیش نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە دانووستانی ئەتۆمی چووەتە ئێران. گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، ئەوان چاوەڕێی وڵامی ئەمهریکا و ئێرانن بۆ ئەوەی هەردوولا بانگهێشتی گەڕێکی دیکە لە دانووستانەکانی ڤیەننا بکەن.
هەفتەیەکی دیکە، چوار مانگ بەسەر دوایین گەڕی دانووستانەکانی ڤیەننا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی تێدهپەڕێت و یەکێتیی ئەوروپا هەوڵەکانی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی ئەم دانووستانە خستووەتەگەڕ.
ئێنریکێ مۆڕا، دانووستانکاری باڵای یەکێتی ئەورووپا کە سەرپەرشتیی دانووستانەکانی ڤیەنناشی لە ئەستۆیە، چووەتە ئێران و لەگەڵ عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەتەوە.
هاوکاتیش "جوزێپ بۆرێل"، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بە مەبەستی تاوتووێکردنی پرسی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەردانی ئەمهریکای کردووە و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا کۆبووەتەوە.
هەردوو سەردانەکە یەک ئامانجیان هەیە، گەڕاندنەوەی ئەمهریکا و ئێرانە بۆ دانووستانەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی.
گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاندووە، ئەوان چاوەڕێی وەڵامی ئێران و ئەمهریکان بۆ ئەوەی هەر دوو وڵات بانگهێشتی گەڕێکی دیکەی دانووستانەکان بکەن.
رۆژێک بەر لە سەردانی بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ واشنتۆن و تاران، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، بە ئاماژە کردن بەوەی دەرفەتی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان خەریکە کۆتایی پێدێت، هۆشداریی دابوو کە ئەگەر دیپلۆماسی بەرانبەر بە ئێران بێ دەرئەنجام بێ، ئەوا ئەمهریکا ئامادەیە بژادەکانی دیکەش تاووتوێ بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا ئاشكرایكرد، رۆبێرت ماڵی، نوێنەری تایبەتی ئەمهریکا بۆ کاروباری ئێران لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی ئیمارات، قەتەر و سعودیە دەکات. نیگەرانییەکانی وڵاتانی ناوچەکە سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکە و بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران و هەوڵەکانی ئەمهریکا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی، تەوەری سەرەکی ئەم گفتوگۆیانە دەبن.