ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ كه‌بوودوه‌ند بێده‌نگی شكاند

27 ڕۆژه‌ مانیگرتووه‌ و ژیانی له‌ مه‌ترسیدایه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c0dc7e2c-8b5a-4ac2-b89d-b9f59c93c54b/kebudwenduojhelat.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر

بیست و حەوت رۆژ بەسەر مان گرتنی محەممەد سديقی کەبوودوەند سەرۆکی زیندانیکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان تێپەڕێوە و چالاکییەکانی رەوەندی کورد لە وڵاتانی ئەوروپا بۆ پشتیوانی لە کەبوودوەند بەردەوامە. هاوکات چالاکڤانانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رایانگەیاند رۆژی یەکشەممە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان دەکەن.

رۆژهەڵاتی کوردستان بێدەنگییەکەی دەشکێنێت. پاش ئەوەی رەوەندی کورد لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی بۆ پشتیوانی کردن لە  محەمەد سەدیق کەبوودوەند، سەرۆکی زیندانی کراوی رێکخراوی مافی کوردستان خۆپێساندانیان کرد، چالاکنی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رایانگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە بە بەڕێوەبردنی خۆپێشاندان لە شآرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، داوای ئازادی بۆ کەبوودوەند دەکەن.

محەمەد سەدیق کەبوودوەند، سەرنووسەری هەفتەنامەی "پەیام مردم" کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان  بە باوکی مافی مرۆڤی کوردستان ناسراوە، زیاتر لە 9 ساڵە بە هۆی داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەلاتی کوردستان، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە سزای 11 ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە. لە کاتێکدا کە کەبوودوەند لە دوایین ساڵی سزاکەی نزیک دەبووەوە و مافی ئەوەی هەبوو وەبەر لێبوردن بکەوێ، دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دۆسیەیەکی نوێیان لە دژی کردووەتەوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی باوکی مافی مرۆڤی کوردستان مانگرتنی خۆی لە خواردن رابگەیەنێ. درێژ بوونەوەی ماوەی مان گرتنەکە و وڵام نەدانەوەی بەرپرسان دۆخی تەندروستیی کەبوودوەندی بەرەو مەترسی برد. ئەمەش چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد و بە تایبەت رەوەندی کوردی هێنایە سەر شەقامەکانی ئەوروپا. کوردان هاوکات لەگەڵ پشتیوانی کردن لە داخوازییەکانی کەبوودوەند داواش لە ناوبراو دەکەن کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێ.

ئەگەرچی کوردانی رۆژهەلات ئەگەرچی داوا لە کەبوودوەند دەکەن کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێ، چوار کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ گەیاندنی دەنگی کەبوودوەند بە جیهانی دەرەوە، لە بێرلینی پایتەختی ئەڵمانیا مانیان لە خواردن گرتووە و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هاوکات لەگەڵ نامە ناردن بۆ رێکخراوە نیودەوڵەتییەکان، داوایان لە ئەندامەکانیان کردووە هەرچی لە دەستیان دێ بۆ پشتیوانی کردن لە کەبوودوەند بیکەن.

لە پاش هەموو ئەم هەنگاوانە، ئێستا چالاکانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش رایانگەیاندووە رۆژی یەکشەممە دێنە سەر شەقامەکان. کەبوودوەند کە بە هۆی داکۆکی کردن لە مافی ئەم خەڵکە کەوتووەتە زیندان، بۆ داکۆکی کردن لە مافی خۆی هیچ رێگایەکی جگە لە مانگرتن لە بەر دەست نەما. کۆامری ئیسلامی سەلماندوویەتی لە بسی مافی مرۆڤدا زۆر گوێ ناداتە وڵاتانی دەرەوە بەڵام رەنگە جووڵەی شەقام لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بتوانێ مان گرتنەکەی کەبوودوەند لە ئامانجەکەی نزیک بکاتەوە.