روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
"باشتر وایە ئەو سایت و ناوەندە راگەیاندنانە لەخەمی راستگۆیی کەناڵەکانیان بن"
K24 – هەولێر
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەنگۆی هەندێک ماڵپەڕ و پەیج رەتدەکاتەوە کە باسیان لە گۆڕانکاری لە بەرپرسانی ئۆرگانەکانی پارتی کردووە.
مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە: "چەند رۆژێکە ژمارەیەک ماڵپەڕ و پەیجی دیاریکراو ھەواڵێکی دوور لە راستی بڵاودەکەنەوە لەبارەی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕکردن لە ھەڤاڵانی بەرپرسی ئۆڕگانەکانی پارتیمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی و، ھەندێ شوێنی دیکە بەگشتی".
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "لە رێگای ئەم روونکردنەوەیەمانەوە رایدەگەیەنین کە ئەم بابەتە ھیچ بنەمایەکی بۆ نییە، تاکو ئێستا بڕیاری ھیچ جۆرە گۆڕانکارییەک نەدراوە، باشتر وایە ئەو سایت و ناوەندە راگەیاندنانە لەخەمی راستگۆیی کەناڵەکانیان بن و ھەواڵی دوور لە راستی بڵاونەکەنەوە".