دەستپاکیی عێراق: سزای بەندکردنی توند بۆ عالیە نسەیف و رائید جبوری دەرچوو

دەستەی دەستپاکیی عێراق سزای بەندکردنی توندی بۆ پەرلەمانتار عالیە نسەیف و پارێزگاری پێشووتری سەلاحەددین رائید جبوری دەرکرد، ئەمەش بەهۆی قۆستنەوە و سودوەرگرتن لە پۆستە حکوومییەکەیان، هاوکات هەردوولاشیانی پابەند کردووە بە گەڕاندنەوەی 10 ملیار دینار.

دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاشکرای کرد، دادگا سزای بەندکردنی توندی بەسەر عالیە نسەیف جاسم و رائید جبوری، پارێزگاری پێشووتری سەلاحەددیندا سەپاندووە، بەهۆی سوودوەرگرتن لە پۆستی گشتی و بەکارهێنانی بۆ مەرامی تایبەتی، هەروەها هەردوو تۆمەتبارەکەی پابەند کردووە بە گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە سوودیان لێ بینیوە کە بڕەکەی 10 ملیار دینارە.

کەیسی عالیە نسەیف و رائید ئیبراهیم جبوری دوای بڕیارەکەی دەستەی دەستپاکی دووبارە بووەوە بە سەردێڕی هەواڵەکان. پیشتر و لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، هێزە ئەمنییەکان رائید جبورییان دەستگیر کردبوو، ئەوەش دوای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق.

شایەنی باسە، لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی سزای 10 ساڵ بەندکردنی بۆ عالیە نسەیف بە تۆمەتی تاڵانکردنی داهاتی نادروست و ناڕەوا دەرکردبوو، لەگەڵ پابەندکردنی بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 61 ملیار دینار کە نوێنەرایەتیی بەهای داهاتە ناڕەواکە دەکات، جگە لە سەپاندنی پێبژاردنێک بە هەمان بڕی پارەکە.

لە مانگی ئابی رابردووشدا، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا بە دەستبەسە سەروەت و سامانی 12 کەسایەتیی سیاسیی دیار دابگرێت کە پەرلەمانتارانی ئێستا و پێشوو و راوێژکارێکی پێشووی سەرۆکوەزیرانیان تێدا بوو، کە عالیە نسەیف یەکێک بوو لەوان، بەهۆی تێوەگڵانیان لە کەیسەکانی گەندەڵی.