بلوومبێرگ: وڵاتانی هاوردەکار ترسیان هەیە نرخی نەوت بگاتە 100 دۆلار

وڵاتانی هاوردەکار داوا لە ئۆپێک دەکەن بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکەنەوە

نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان له‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌
نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان له‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌

K24- هه‌ولێر:

بانکە جیهانی و دامەزراوەکان پێشبینی دەکەن نرخی بەرمیلێک نەوت 100 دۆلار تیپەڕێنێت، بەڵام ئەو هەواڵە وڵاتانی هەناردەکاری نیگەران کردووە، بە تایبەت ئەمه‌ریکا و ژاپۆن و هیندستان، گوشارەکانیان بۆ وڵاتانی ئۆپێک چڕکردووە تاوەکو بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکەنەوە، بۆ ئەوەی نرخەکەی دابەزێت.

ئاژانسی بلوومبێرگ بڵاویکرده‌وە، کە ئەو وڵاتانە نزیک سێ هەفتەیە لەگەڵ وڵاتانی ئۆپێک دەستیان بە گفتوگۆ کردووە و لەم سێ رۆژەش گفتوگۆکانیان چڕ کردووەتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ، بەرپرسانی ئەمه‌ریکا و ژاپۆن و هیندستان لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی وڵاتانی ئۆپێک بە جیا کۆبوونەوەتەوە، هەروەها لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی دیکەی بەکاربەریش گەیشتوونەتە رێککەوتن.

لە راپۆرتەکەی بلوومبێرگدا هاتووە، پەیوەندییەکان لە سێ هەفتەی رابردووەوە دەستیان پێکردووە، بەڵام لەم چەند رۆژەی رابردوودا دوای ئەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 85 دۆلار بەرزبووەوە، پەیوەندییەکان چڕ کراونەتەوە.

ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوەداوە، هەر یەکە لە ئەمه‌ریکا و هیندستان و ژاپۆن چەندین ساڵە بەشێوەی ئاشکرا و نهێنی گوشاری دیپلۆماسییان بەکارهێناوە، بۆ ئەوەی وڵاتانی هەناردەکار ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکەنەوە.

چاودێران دەڵێن، ژاپۆن چەندین رێگەی بەکارهێنانەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی بەکاربەریش کاری کردووە، بۆ ئەوەی گوشار دروستبکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا چین سەرەڕای ئەوەی هەمان دیدگای هەیە، بەڵام بێ دەنگی هەڵبژاردووە.

بلوومبێرگ ئاماژەی بەوەداوە، ئیدارەی بایدن نا دڵنیاییە لە دۆخەکە بە تایبەت دوای ئەوەی نرخی بەنزین گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی رابردووی، لە چەندین هەفتەی رابردووشدا داوای لە هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کرد، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکەنەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم لە دانیشتنی گشتی هەفتەی وزەی رووسیا "ڤلادمیر پوتن"، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن بە ئەگەرێکی زۆرەوە نرخی نەوت بگاتە 100 دۆلار، لە هەمان کاتدا مۆسکۆ هەموو تواناکانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بازاڕی وزە سەقامگیر بێت.

بە گوێرەی داتاکانی بلوومبێرگ، مەترسی وڵاتانی بەکاربەری نەوت لە هەڵکشانە، بەتایبەت کە نرخی نەوت لەمساڵدا لە قۆناغی یەکەم بۆ 50 دۆلار و لە قۆناغی دووەم بۆ سەرووی 75 و ئێستا بۆ سەرووی 85 دۆلار بەرزبووەتەوە، وڵاتان ترسیان هەیە بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرزبێتەوە.