عه‌بدولسه‌لام دۆڵه‌مه‌ری: سیسته‌می وه‌رگرتنی قوتابیان له زانكۆكان سه‌ركه‌وتوو نییه
له ماوه‌كانی رابردوو ئه‌نجومه‌نی زانكۆكان دیراسه‌یه‌كی وردیان بۆ داڕشتنی پلانه‌كانیان نه‌كردووه

K24- هه‌ولێر:
سه‌باره‌ت به كێشه‌ی وه‌رگرتنی قوتابیانی ده‌رچووی پۆلی 12ی ئاماده‌یی له زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه شێوازی وه‌رگرتنیان ناڕه‌زایه‌تی قوتابیانی به‌دوای خۆیدا هێنا، عه‌بدولسه‌لام دۆڵه‌مه‌ری، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، هۆكاری ئه‌و كێشه‌یه به‌شێكی له ناوه‌ندی وه‌رگرتنی قوتابیان بووه و به‌شێكی دیكه‌ش به‌هۆی هه‌ڵه پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمه‌كانی وه‌رگرتن بوو له‌لایه‌ن قوتابیانه‌وه.
عه‌بدولسه‌لام دۆڵه‌مه‌ری له‌كاتی میوانداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 گوتی: ئه‌مساڵ 63 هه‌زار قوتابیی پۆلی 12ی ئاماده‌یی له تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه گشتییه‌كان ده‌رچوونه، له‌كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نها 257 قوتابی نمره‌یان له نێوان 99 بۆ 100 بووه، كه ئه‌مه‌ش به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو رێژه‌یه‌كی كه‌مه، بۆیه ده‌كرێت كه نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگیی نێوان ناوه‌ندی وه‌رگرتنی قوتابیان و زانكۆكانیش هۆكارێكی دیكه بێت بۆ ئه‌و كێشه‌یه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، له ساڵی 2003 ته‌نها 9 هه‌زار و 300 قوتابی پۆلی 12ی ئاماده‌یی له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان هه‌بوون، كه‌چی ئه‌مساڵ زیاتر له 128 هه‌زار قوتابیی پۆلی 12 هه‌بووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه خه‌ڵكی زیاتر رووی له خوێندن كردووه، بۆیه ده‌بێت زانكۆكانیش خۆیان له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن و گۆڕانكاری ئه‌و دۆخه رابهێنن و پلانه‌كانیان فراوانتر بكه‌ن.
ئاشكراشیكرد، كاتێك ئێمه قسه‌مان له‌گه‌ڵ زانكۆكان كرد، ئه‌وان لارینه‌بوونیان نیشاندا كه ده‌توانن بۆ وه‌رگرتنی رێژه‌یه‌كی زیاتری قوتابیان پلانه‌كانیان فراوانتر بكه‌ن، به‌ڵام كاتێك له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا قسه‌مان كرد، پێیان گوتین كه زانكۆكان رێگرن له‌وه‌ی پلانیان فراوان بكه‌ین و تواناكانیان بۆ وه‌رگرتنی قوتابیان سنووردارن.
دووپاتیشیكرده‌وه، من له‌و باوه‌ڕه‌دام له ماوه‌كانی رابردوو ئه‌نجومه‌نی زانكۆكان دیراسه‌یه‌كی وردیان بۆ داڕشتنی پلانه‌كانیان نه‌كردووه و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی وه‌رگرتنی قوتابیان نه‌بووه، ئه‌گینا ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین بڕیاری له‌باره‌یه‌وه بده‌ین، پێشتریش ده‌توانرا ئه‌و كاره بكرێت، چونكه زانكۆكان هه‌مان زانكۆن، ئه‌مه‌ش مانای وایه كه توانای وه‌رگرتنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی قوتابیانیان هه‌بووه، به‌ڵام له داڕشتنی پلانه‌كانیان كه‌مته‌رخه‌م بوونه.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا گوتیشی: كێشه‌ی سه‌رجه‌م قوتابیان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و هه‌ر یه‌كه و به پێی ریزبه‌ندی نمره‌كانی له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان وه‌رده‌گیرێن.
سه‌باره‌ت به پلانه‌كانیشیان بۆ ساڵی داهاتوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه جارێكی دیكه دووباره نه‌بێته‌وه، عه‌بدولسه‌لام دۆڵه‌مه‌ری گوتی: پێویسته بۆ ساڵی داهاتوو هه‌ماهه‌نگی زیاتر له نێوان زانكۆكان و ناوه‌ندی وه‌رگرتنی قوتابیان هه‌بێت و دووپاتیشیكرده‌وه، ئێمه له لیژنه‌ی په‌روه‌رده و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاش له‌و باوه‌ڕه‌داین، كه ئه‌م سیسته‌مه‌ی ئێستا بۆ وه‌رگرتنی قوتابیان له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرێت، سیسته‌مێكی سه‌ركه‌وتوو نییه، بۆیه ده‌مانه‌وێت ئه‌و سیسته‌مه بگۆڕێن و سوود له سیسته‌می وه‌رگرتنی قوتابیان له وڵاتانی پێشكه‌وتوو وه‌ربگرین، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌مانه‌وێت سیستمه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك بێت، كه ته‌نها نمره‌كانی پۆلی 12 پێوه‌ر نه‌بن بۆ وه‌رگرتنی قوتابیان.
H.B