هاڵۆوین له‌چییه‌وه هاتووه؟
ته‌نیا له ئه‌مه‌ریكا هه‌موو ساڵێك له جه‌ژنی هاڵۆوین ملیارێك دۆلار بۆ شیرینی خه‌رج ده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
هاڵۆوین، جه‌ژنی كریستیانه‌كانی رۆژئاوایه، كه له ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و كه‌نه‌دا و ئێرله‌ندا له شه‌وی (31ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر)ی هه‌موو ساڵێك ئاهه‌نگ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌ریته ئێستا له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان پیاده‌ده‌كرێت.
شێوازی ئاههنگێڕانهكه به پۆشینی جلوبه‌رگی رۆژئاوایی و له‌سه‌ركردنی كڵاوێكی ترسناكه، به‌كارهێنانی دیمه‌نی سه‌رسوڕهێنه‌ر و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك و باسكردنی به‌سه‌رهاتی دێوه‌زمه و رۆیشتنیانه له شه‌ودا، مه‌راسیمی ئه‌و ئاهه‌نگه له سه‌ر شاشه‌ی كه‌ناڵه‌كان نمایش ده‌كرێت.
رۆژی هاڵۆوین هاوتایه له‌گه‌ڵ جه‌ژنی قه‌شه‌كان، كه له ئه‌مه‌ریكا به رازاندنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان و پۆشینی جلی نوێ ئاهه‌نگ ده‌گێڕن، زۆربه‌ی پێكهاته‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌شداری له‌و ئاهه‌نگه‌دا ده‌كه‌ن، كه پێیانوایه پیادهكرنی ئه‌و شێوازه سه‌یره، بۆ ده‌ركردنی رووحی شه‌ڕانگێزه، باس له‌وه ده‌كرێت، كه له‌و شه‌وه‌دا هه‌موو رووحه‌كان له ئاسمانه‌وه به‌ره‌و زه‌وی ده‌گه‌ڕێنه‌وه و تا به‌ره‌به‌یان له‌سه‌ر زه‌وی ده‌مێننه‌وه.
به‌شێك له رێوڕه‌سمی ئه‌و ئاهه‌نگه "كۆكردنه‌وه‌ی شیرینی"یه، كه منداڵان ماڵ به ماڵ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی شیرینی ده‌گه‌ڕێن، كیسیهكیان لایه و پڕیدهكهن له شیرینی، به‌گوێره‌ی ئه‌و نه‌ریته، هه‌ر ماڵێك ره‌تی بكاته‌وه شیرینی ببخه‌شێت، ئه‌وا تووشی نه‌فره‌ت و توڕه‌یی رووحی شه‌ڕانگێز ده‌بێت.
له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگی هاڵۆوین چه‌ند دزییه‌كی بچو‌وكیش ئه‌نجام ده‌درێت، وه‌ك دزینی پارچه ته‌خته، ده‌رگا و چه‌ند شتێكی دیكه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك وابزانن كه رووحی شه‌ڕانگێز له‌ناوچه‌كه بڵاوبووه‌ته‌وه و ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی دزیووه.
به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگه‌كه هاوتایه له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگی پایز، كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت دره‌خته‌كان به‌هۆی رووحهكانهوه گه‌ڵاكانیان ده‌وه‌رێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كوله‌كه به‌كارده‌هێنرێت و مۆمی تێدا داده‌گیرسێنرێت، شێوه‌ی روخسارێكی ترسناكی له‌سه‌ر ده‌نه‌خشێنرێت، كه ئه‌مه نه‌ریتێكی كۆن بووه و له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی جیهانگیری، نه‌ریته‌كه زیاتر به جیهاندا بڵاوبووه‌ته‌وه.
سه‌ره‌تا بیرۆكه‌ی ئاهه‌نگی پایز له‌وه هاتووه، كه خواوه‌ندی "سامان"، كه خواوه‌ندی مردنی مه‌زن بووه، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و رووحانهدا هه‌بووه، كه له‌و ساڵه‌دا مردوون، فه‌رمانیان پێده‌كات له‌و شه‌وه‌دا له ئاسمانه‌وه بێنه خواره‌وه و بچنه لاشه‌ی ئاژه‌ڵانه‌وه، بۆیه خه‌ڵكێكی خۆشباوه‌ڕ ئاگری گه‌وره‌یان هه‌ڵگیرساندووه، به‌و نیازه‌ی رووحه‌كان له‌خۆیان دووربخه‌نه‌وه، بیرۆكه‌ی هاڵۆوین له‌وه درووست بوو و پاشان بووته نه‌ریت و به جیهانیشدا بڵاوبووه‌وه.
چه‌ند زانیارییه‌ك له‌سه‌ر هاڵۆوین:
- هاڵۆوین تێكه‌ڵه‌یه‌كه له نه‌ریتی كریستیانه‌كان و وهسنییهكان (ئه‌وانه‌ی بڕوایان به سرووشت هه‌یه و به خواوه‌ندی خۆیانی ده‌زانن).
- له ویلایه‌تی "ئالاباما"ی ئه‌مه‌ریكا رێگه به دانیشتووانه‌كه‌ی نادرێت جلی هاڵۆوین و كڵاوه‌كه‌ی بپۆشن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش قه‌ده‌غه‌یه كه‌سایه‌تی قه‌شه پیاده‌بكرێت له ئاهه‌نگه‌كه‌دا.
- چرای "جاك" یان چرای كوله‌كه، كه به نه‌ریتێكی ئاهه‌نگی هاڵۆوین به ناوبانگه، له‌سه‌ره‌تادا بۆ ئه‌و چرایه شێلم و توور به‌كارهاتووه له بری كووله‌كه.
- به‌كارهێنانی چرای جاك بۆ ئه‌فسانه‌ی "جاك-ی ره‌زیل" ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌گوێره‌ی ئه‌فسانه‌كه، به‌هۆی ئه‌و چرایه‌ی جاك، شه‌یتان ناتوانێت رووبه‌ڕووی ببێته‌وه.
- به‌كارهێنانی چرای كوله‌كه و پۆشینی جلوبه‌رگی هاڵۆوین و كڵاوه‌كه‌ی، له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه سه‌رهه‌ڵداوه و یه‌كه‌مجاریش له سكۆتله‌نداوه به‌كارهاتووه.
- به‌كارهێنانی كه‌فی شادی، كه به یه‌كێك له نه‌ریته‌كانی ئاهه‌نگی هاڵۆوین داده‌نرێت و گه‌وره و بچووك یاری پێده‌كه‌ن، له هۆلیۆد قه‌ده‌غه‌یه و هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی بكات، به هه‌زار دۆلار سزا ده‌درێت.
- له ئێرله‌ندا بۆ هاڵۆوین كێكی كشمیش به‌كارده‌هێنرێت.
- تا ئێستا مردنی هیچ منداڵێك له هاڵۆوین تۆمارنه‌كراوه، كه كه‌سوكاره‌كه‌ی شیرینییان نه‌به‌خشیبێت، له‌كاتێكدا نه‌ریته‌كه باس له‌وه ده‌كات، هه‌ر ماڵێك شیرینی نه‌به‌خشێت، رووحه شه‌ڕانگێزه‌كان لێی تووڕه ده‌بن و زیان به منداڵه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نن.
- له مه‌كسیك بۆ جه‌ژنی هاڵۆوین له بری به‌كارهێنانی كۆكردنه‌وه‌ی شیرینی و كوله‌كه، منداڵان داوای كه‌للـه‌سه‌ری بچووك ده‌كه‌ن، كه له شه‌كر درووستكراوه.
- ته‌نیا له ئه‌مه‌ریكا هه‌موو ساڵێك له جه‌ژنی هاڵۆوین ملیارێك دۆلار بۆ شیرینی خه‌رج ده‌كرێت.