تاڵه موویه‌كی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ده‌گه‌یه‌نرێته هه‌رێمی كوردستان
به ڤیدیۆ.. تاڵه مووه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر له قه‌زای خه‌باتی سه‌ربه پارێزگای هه‌ولێر نمایش كرا

K24- هه‌ولێر:
شێخ جه‌لال هه‌ركی به كوردستان24ی راگه‌یاند، له شاری مه‌دینه‌وه تاڵه موویه‌كی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام به ده‌ستی ئێمه گه‌یشتووه، كه له‌لایه‌ن شێخ عه‌بدولكه‌بیری قوڕه‌یشییه‌وه پارێزرابوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تاڵه مووه‌كه 3 سانتیمه‌تره و هی قژی پێغه‌مبه‌ره.
شێخ جه‌لال گوتی: شێخ محه‌مه‌د فه‌یسه‌ڵ به‌رزنجی له سه‌رده‌مێكی زووه‌وه خه‌ون به پێغه‌مبه‌ره‌وه ده‌بینێت، داوای لێده‌كرێت بچێته مه‌دینه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تاڵه مووه‌ی پێغه‌مبه‌ری پێبدرێت، شێخ محه‌مه‌دیش ده‌چێته مه‌دینه و به دیداری شێخ عه‌بدولكه‌بیر شاد ده‌بێت و ئه‌و تاڵه مووه‌ی پێده‌درێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دوای ماوه‌یه‌ك شێخ محه‌مه‌د فه‌یسه‌ڵ جارێكی دیكه خه‌ون به پێغه‌مبه‌ره‌وه ده‌بینێت و داوای لێده‌كرێت ئه‌و تاڵه مووه بێنێته هه‌ولێر، شێخ محه‌مه‌دیش ئه‌و فه‌رمانه جێبه‌جێ ده‌كات و ئێستا ئه‌و تاڵه مووه لای ئێمه پارێزراوه.

شێخ جه‌لال روونیكرده‌وه، تاڵه مووه‌كه 3 سانتیمه‌تره و هی قژی پێغه‌مبه‌ره، دیوی پشته‌وه‌ی سه‌ری، كه شێخ عه‌بدولكه‌بیری قوڕه‌یشی له شاری مه‌دینه داویه‌تی به شێخ فه‌یسه‌ڵ، كه له‌ناو قوتوویه‌كدا دانراوه و خه‌ڵكێكی زۆر بۆ دیداری ئه‌و تاڵه مووه‌ی پێغه‌مبه‌ر دێنه ئێره و پێی شاد ده‌بن.
روونیشكرده‌وه، شێخ عه‌بدولكه‌بیری قوڕه‌یشی ژماره‌یه‌ك پارچه و كه‌لوپه‌لی پێغه‌مبه‌ر و یاوه‌ره‌كانی پێغه‌مبه‌ری لایه، كه زیاتر له 300 پاچه‌ی تایبه‌ت و پیرۆز ده‌بێت، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی ناوداره و له‌شاری مه‌دینه‌دا ناسراوه، كه چه‌ند پارچه‌یه‌كی دیكه‌ی پیرۆزی پێغه‌مبه‌ری بۆ ئێمه ناردووه.
شێخ جه‌لال ئاشكرای كرد، جگه له تاڵه مووه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر، عاره‌قه‌ی پێغه‌مبه‌ر له‌ناو شووشه‌یه‌كدا به‌ده‌ستی ئێمه گه‌یشتووه، له‌گه‌ڵ خۆڵی ناو حوجره‌ی پێغه‌مبه‌ر، كه پارێزگاری لێده‌كه‌ین و خه‌ڵكی دێن و ده‌یبینن.
شێخ جه‌لال جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، تاڵه مووه‌كه راستییه و هی پێغه‌مبه‌ره، بۆ ئه‌وانه‌شی بڕواناكه‌ن، ئه‌و گۆچانی حه‌زره‌تی مو‌سا له مۆزه‌خانه‌كاندا ماوه، كه ته‌مه‌نی چه‌ند هه‌زار ساڵه.