ئه‌م وه‌رزه‌ یاریگه‌ی سه‌یدسادق بۆ میوانه‌كانی بووه‌ته‌ دۆزه‌خ

هانده‌رانی یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ خولی نایابی كوردستان
هانده‌رانی یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ خولی نایابی كوردستان

له‌ گه‌ڕی پێنجه‌می خولی نایابی كوردستان، به‌ ئه‌نجامدانی 4 یاریی كۆتایی به‌ یارییه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌ هات، یانه‌ی هه‌ندرێن شوێنی خۆی له‌ لوتكه‌ی خوله‌كه‌ قایمتر كرد، یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ش ئه‌وه‌ندیتر دۆخی خراپتر بوو.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر دۆخی شه‌قڵاوه‌ی خراپتر كرد

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ پیرمام میوانداریی شه‌قڵاوه‌ی دراوسێی كرد، یارییه‌كه‌ش به‌ 2 گۆڵی بێوه‌ڵام له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پێشمه‌رگه‌ كۆتایی هات.

له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ فه‌رهه‌نگ وریا گۆڵی یه‌كه‌می پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری تۆمار كرد، دواتر له‌ نیوه‌ی دووه‌م دانا عوسمان یه‌كه‌مین گۆڵی خۆی له‌م وه‌رزه‌ به‌ درێسی پێشمه‌رگه‌ تۆمار كرد.

به‌مه‌ش پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر سێیه‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌م وه‌رزه‌ تۆمار كرد، له‌ به‌رامبه‌ردا شه‌قڵاوه‌ تووشی چواره‌مین شكستی له‌سه‌ریه‌ك بوو.

یانه‌ی دهۆكیش له‌ یاریگه‌ی مه‌رگی سه‌یدسادق رزگاری نه‌بوو

یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی دهۆكی كرد، یارییه‌كه‌ش به‌ 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه‌ گۆڵێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌یدسادق كۆتایی هات.

سه‌ردار عارف له‌ خوله‌كی 4ـی ده‌ستپێكی یارییه‌كه‌ گۆڵی پێشكه‌وتنی بۆ دهۆك تۆمار كرد، دواتر یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ رێگه‌ی لێدانی پێناڵتی له‌ خوله‌كی 33 له‌ رێگه‌ی جوانڕۆ حه‌مه‌ئه‌مین ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه‌.

دواتر عه‌بدوڵڵا غه‌سبان ریمۆنتادای به‌سه‌ر دهۆك دا كرد و گۆڵی دووه‌می سه‌یدسادق و سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد.

به‌م ئه‌نجامه‌ش سه‌یدسادق سێیه‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كی له‌م وه‌رزه‌ له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی تۆمار كرد، یانه‌ی سه‌یدسادق به‌ 10 خاڵ له‌ ریزبه‌ندی چواره‌م دێت، یانه‌ی دهۆكیش به‌ 10 خاڵ بۆ خانه‌ی پێنجه‌م دابه‌زی.

هه‌ندرێن لوتكه‌ی چۆل ناكات

یانه‌ی هه‌ندرێن له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی بووه‌ میوانی یانه‌ی نه‌ورۆزی شاری سلێمانی، نوێنه‌ره‌كه‌ی هه‌ولێری پایته‌خت یارییه‌كه‌ی به‌ ئه‌نجامی (3 ـ 2) له‌ نه‌ورۆز برده‌وه‌.

سۆران عه‌زیز ئه‌ستێره‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی یانه‌ی هه‌ندرێن گۆڵی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ی له‌ دژی نه‌ورۆز كرد. پاشان ئیبراهیم محه‌مه‌د ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ نه‌ورۆز یه‌كسان كرده‌وه‌.

پاشان سیاكۆ یاریزانی نوێی ئه‌م وه‌رزه‌ی هه‌ندرین گۆڵی دووه‌می بۆ یانه‌كه‌ی تۆمار كرد، پاشان خوسێن فه‌یسه‌ڵ یاریزانی هه‌ندرێن به‌ هه‌ڵه‌ گۆڵێكی له‌ خۆیان كرد و ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ نه‌ورۆز یه‌كسان كرده‌وه‌.

دواتر ئیسماعیل خدر گۆڵی سه‌ركه‌وتنی بۆ هه‌ندرێن تۆمار كرد و چواره‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌م وه‌رزه‌ له‌ خوله‌كه‌ بۆ یانه‌كه‌ی تۆمار كرد.

به‌مه‌ش هه‌ندرێن شوێنی خۆی له‌ لوتكه‌ی خوله‌كه‌ به‌ 13 خاڵ پته‌وتر، له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی نه‌ورۆز به‌ 5 خاڵ بۆ خانه‌كانی خواره‌وه‌ی ریزبه‌ندی دابه‌زی.

شێروانه‌ له‌به‌رده‌م هانده‌رانی تووشی شكست بوو

یانه‌ی زاخۆ رێگایه‌كی دووری به‌ره‌و كه‌لار بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی شێروانه‌ بڕی، نوێنه‌ره‌كه‌ی بادینان یارییه‌كه‌ی به‌ گۆڵێكی بێبه‌رامبه‌ر له‌ یانه‌ گه‌رمیانییه‌كه‌ برده‌وه‌، تاكه‌ گۆڵی یارییه‌كه‌ ئه‌یمه‌ن عه‌لی له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌م تۆماری كرد.

یانه‌ی زاخۆ به‌م بردنه‌وه‌یه‌ ژماره‌ی خاڵه‌كانی بۆ 8 خاڵ به‌رز كرده‌وه‌ و بۆ خانه‌ی پێنجه‌می ریزبه‌ندی سه‌ركه‌وت، شێروانه‌ش به‌ 5 خاڵ بۆ خانه‌كانی دواوه‌ی ریزبه‌ندی دابه‌زی.

سۆران و چه‌مچه‌ماڵ به‌ ئه‌نجامێكی سپی یاریگه‌یان جێهێشت

یانه‌ی سۆران له‌ نێو یاریگه‌ و به‌رده‌م هانده‌رانی میوانداریی یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵی كرد، یارییه‌كه‌ش به‌ درێژایی 90 خوله‌كی یارییه‌كه‌ به‌ یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.

به‌م ئه‌نجامه‌ش هه‌ریه‌كه‌یان به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 6 خاڵ له‌ پله‌كانی نۆیه‌م و ده‌یه‌می ریزبه‌ندی دێن.

خۆشیده‌ربڕینی یاریزانانی هه‌ندرێن دوای تۆماركردنی گۆڵی دووه‌م له‌ دژی نه‌ورۆز.  فۆتۆ: هێدی عه‌زیز ـ سلێمانی ـ 6 نۆڤێمبه‌ری 2021
خۆشیده‌ربڕینی یاریزانانی هه‌ندرێن دوای تۆماركردنی گۆڵی دووه‌م له‌ دژی نه‌ورۆز. فۆتۆ: هێدی عه‌زیز ـ سلێمانی ـ 6 نۆڤێمبه‌ری 2021