ئێران رێژەی بەرھەمھێنانی نەوت زیاتر دەكات

ئێران دەڵێ بەوەندە ناوەستێ و پەرە بە بەرھەمھێنانی نەوت بۆ بازاڕەكان دەدات.

K24 – هه‌ولێر:

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە زیاتر لە 20 سوپەر تانكەری ئەوروپا و ئاسیا نەوتی ئێران بۆ كڕیارانی نەوت دەگوازنەوە. ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێران دەڵێ بەوەندە ناوەستێ و پەرە بە بەرھەمھێنانی نەوت بۆ بازاڕەكان دەدات.

ھاوكات سعودییە رایگەیاند نرخی نەوتی خۆی بۆ بازارەكانی ئەوروپا كەمدەكاتەوە. رۆیتەرز دەشڵێ ئێستا نزیكەی 25 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و نەوتی سووكی ئێران لە تانكەرەكاندا دەگوازرێنەوە، ئەمە لەكاتێكدایە تا ئێستا بەھۆی گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر ئێران بەشێكی زۆر لە كۆمپانیاكان نەوت لە ئێران ناكڕن.

زیادكردنی نەوت بۆ بازاڕەكان هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری سعودییە بە دابەزاندنی نرخی نەوتی ھەناردەكراوی خۆی بۆ بازاڕەكانی ئەوروپا، ئەمەش راستەخۆ كاریگەری لەسەر نرخی نەوتی ئێران دادەنێت.