بەرگەشت ئاکرەیی: ئەم هەفتەیە کرێی خزمەتگوزاریی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بە دینار جێگیر دەکرێت
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئەم هەفتەیە بۆ جێگیرکردنی نرخی کرێی خزمەتگوزاریی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، کە مۆڵەتی وەبەرهێنانیان لە دەستەکە وەرگرتووە، کۆدەبێتەوە و سەرجەم پرۆژەکان ناچار دەکرێن کرێی خزمەتگوزارییەکانیان بە دینار وەربگرن نەک دۆلار، هەر پرۆژەیەکیش پابەند نەبێت، رێکاریی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، پێشتر چەند جارێک کۆبوونەوە لەسەر کێشە و گرفتی کرێی خزمەتگوزاریی پرۆژەکان کراوە، بەڵام ئێستا بە فەرمی رامانگەیاندووە، سەرجەم پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون، دەبێت کرێی خزمەتگوزارییەکانیان بە دینار وەربگرن، نەک دۆلار.
گوتیشی: لە ماوەی رابردوودا خەڵکێکی زۆر سکاڵایان هەبوو لەسەر شێوازی خزمەتگوزارییەکان و ئەو بڕە پارەیەی لێیان وەردەگیرێت. دوای سکاڵاکان، دەستەی وەبەرهێنان بە بەشداریی پارێزگا و لە شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لیژنەی بە دواداچوونی بۆ چارەسەرکردنی کێشە، سکاڵاکان و پێداچوونەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان پیکهێنا.
روونیشی کردەوە، ئێستا بۆ دانانی نرخی کرێی خزمەتگوزارییەکان، پرۆژەکان بە سەر دوو ئاستی (های کۆست) و (لۆ کۆست) دابەشکراون؛ بۆ جێگیرکردنی نرخەکانیش لەم هەفتەیە دەستەی وەبەرهێنان کۆدەبێتەوە و نرخەکان دیاری دەکات، واتە کەمترین تا بەرزترین نرخی کرێی خزمەتگوزارییەکان بۆ هەردوو ئاستەکە را دەگەیەنرێت؛ بەڵام بە گوێرەی شوێن و جۆری خزمەتگوزارییەکان نرخەکان لە پرۆژەیەک بۆ پرۆژەیەکی دیکە دەگۆڕێن، بە شێوەیەکی گشتیش دۆخی گوزەرانی هاووڵاتییان لەبەرچاو دەگیرێت.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، بڕیاری وەرگرتنی کرێی خزمەتگوزارییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و لە سەرجەم پرۆژەکانی وەبەرهێنان و یەکەکانی نیشتەجێبوون جێبەجێ دەکرێن، کە مۆڵەتیان لە دەستەی وەبەرهێنان وەرگرتووە.
بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی: بۆ چاودێری و سکاڵای نیشتەجێبووانی پرۆژەکان، جیا لەوەی ژمارەیەکی تەلەفۆن دانراوە، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەبەرهێنان لە ناوەندی شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان لیژنەی چاودێری و بەدواداچوونیان هەیە بۆ رێگری و سزادانی سەرپێچیکاران دەکەن.