لیستی مووچە رادەستی بەغدا کرا

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم و راپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوە مانگی تشرینی یەکەم رادەستی بەغداد کرا.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆران و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی خەرجی و داهاتەکانی مانگی تشرینی یەکەم (10) لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتەکەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.

کوردستان24 زانیویەتی، لە لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەمدا داوای دابینکردنی بڕی یەک ترلیۆن و 64 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران کراوە، لەو بڕە پارەیە نزیکەی 100 ملیار دینار بۆ خانەنشینیی مووچەخۆران دەبڕدرێت و بەغداش 120 ملیار دینارەکەی داهاتی نانەوتی بە شێوەی پاکتاوکردن دەبڕێت، بەم پێیە چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵی دەوروبەری 840 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بە گشتی، دەرکردنی بڕیاری ناردنی مووچە لە بەغداوە سێ پێداویستیی هەیە: یەکەم، لیستی مووچە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە، ئەمەش هەفتەی داهاتوو دەدرێتە بەغدا، دووەم، داهاتی نانەوتی و بەغدا بە شێوەی پاکتاوکردن دەیبڕێت، و سێیەم، راپۆرتی رادەستکردنی نەوت، وەزارەتی نەوتی عێراق لە کۆتایی هەموو مانگێکدا نووسراوەکە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێرێت. دوای دابینکردنی ئەم سێ پێداویستییە، بەغدا بڕیاری پارەدارکردن دەدات و مووچەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری.