كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن: تانه‌ی 13 پارێزگا‌ به‌ ته‌واوه‌تی یه‌كلاكراونه‌ته‌وه‌

"1436 تانه‌ به‌ ته‌واوه‌تی پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كراوه"

ناوەندی بەدەست ژماردنەوەی دەنگی وێستگە تانە لێدراوەکانی عێراق فۆتۆ: شڤان جەباری
ناوەندی بەدەست ژماردنەوەی دەنگی وێستگە تانە لێدراوەکانی عێراق فۆتۆ: شڤان جەباری

K24 - هه‌ولێر:

كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، تانه‌ی سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی 13 پارێزگا ته‌واوبووه‌، كه ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان‌ 100% هاوتای ئه‌نجامی ئه‌لیكترۆنی بووه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردندا هاتووه‌، 1436 تانه‌ به‌ ته‌واوه‌تی پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كراوه‌ و سه‌رجه‌م وێستگه‌كانیان وردبینی بۆ كراوه‌ و ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ژمێردراونه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، كه‌ له‌ 27ی تشرینی یه‌كه‌م تا 3ی تشرینی دووه‌م، تانه‌ی پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، بابل، میسان، دیاله‌، ره‌سافه‌ و كه‌رخ له‌ به‌غدا، هه‌ولێر، كه‌ركووك، كه‌ربه‌لا، موسه‌ننا، قادسیه‌، ئه‌نبار، زیقاڕ و به‌سره‌ به‌ته‌واوه‌تی یه‌كلاكراونه‌ته‌وه‌.

كۆمیسیۆنی روونیكرده‌وه‌، وردبینییان بۆ 4 هه‌زار و 324 وێستگه‌ی ده‌نگدان كردووه‌، كه‌ دوای ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئه‌نجامی كۆتایی له‌سه‌ر بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌ری هه‌ڵبژاردن راده‌گه‌یه‌نێت.