ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی عێراق و عومان دەکرێت

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و محەمەد بن عەبدوڵڵا ئەلبەحرانی، باڵیۆزی عومان لە عێراق، ئامادەکارییە بەردەوامەکانیان بۆ سازدانی کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی هەردوو وڵات لە شوباتی 2027 و پێشهاتەکانی یەمەن و گەرووی هورمزیان تاوتوێ کرد.

هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و محەمەد بن عەبدوڵڵا ئەلبەحرانی، باڵیۆزی عومان لە عێراق، کۆبوونەوە.

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵیۆزی عومان نامەیەکی نووسراوی لە بەدر ئەلبووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رادەستی فوئاد حوسێن کردووە.

هەروەها روون کراوەتەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی هەرێمی کرا، بە تایبەتی شەڕ لە یەمەن و ئەو پەرەسەندنانەی پەیوەستن بە گەرووی هورمزەوە، وێڕای ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ سازدانی کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی عێراق و عومان لە شوباتی 2027ـدا، بە جۆرێک کە رێڕەوی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر بکات.