کەشتییەکی نەوت لە گەرووی هورمز کرایە ئامانج

 میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی تەقینەوە لە دوورگەی قشم و گەرووی هورمز بیستراوە. ئەم رووداوە هاوکاتە لەگەڵ هەواڵی پێکانی کەشتییەکی نەوت لە کەناراوەکانی عومان.

هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەوروبەری دوورگەی قشم بە مووشەکێکی دوژمن کراوەتە ئامانج، هاوکات تەسنیم ئێرانی رایگەیاندووە، مووشەکێکی ئەمریکی ناوچەیەکی پەراوێزی دوورگەکەی پێکاوە.

فارس ئێرانی لە بەرامبەردا رایگەیاند، ئەگەری هەیە دەنگی تەقینەوەکە لە ئاسمانی دوورگەی قشم بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دوژمن بووبێت. 

هاوکات دەزگای ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، ئاگر لە کەشتییەکی نەوت کەوتووەتەوە، دوای ئەوەی لەلای چەپییەوە مووشەکێکی نەناسراوی بەرکەوتووە. رایگەیاند، رووداوەکە لە کاتی تێپەڕبوونی کەشتییەکە بە گەرووی هورمز لە دووری 8 میل لە کەناراوەکانی خەسەبی عومان روویداوە و هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

ئەم رووداوانە لە کاتێکدا دێن تاران بەردەوامە لە سەپاندنی سنووردارکردن لەسەر جموجووڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، دوای ئەوەی 12ـی تەممووزی رابردوو رایگەیاند گەرووەکەی داخستووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە ئەمریکا 8ـی هەمان مانگ هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردەوە.

دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە لە دەرەوەی ئەو رێڕەوەی دیارییان کردووە یان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.