تیروپشکی وەرزی نوێی خولی فوتساڵی خانمانی کوردستان راکێشرا

دیمەنی یارییەکی وەرزی رابردووی خولی فوتساڵی خانمانی کوردستان
دیمەنی یارییەکی وەرزی رابردووی خولی فوتساڵی خانمانی کوردستان

تیروپشکی وەرزی نوێی خولی فوتساڵی خانمانی کوردستان راکێشرا کە سەرەتای مانگی داهاتوو بە بەشداریی 11 یانە دەست پێ دەکات.

رۆژی سێشەممە 09ـی ئۆکتۆبەری 2021 لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە هەولێر تیروپشکی وەرزی نوێی خولی فوتساڵی خانمانی کوردستان راکێشرا، کە 11 یانە بەشداریی خولەکە دەکەن و دابەشی سەر دوو کۆمەڵە کراون و خاوەنی پلەی یەکەم و دووەم دەگەنە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین، دواتر هەر چوار یانەکە بە شێوەی خول یاریی دەکەن و پاڵەوانی خولەکە یەکلا دەکەنەوە.

بەگوێرەی ئەنجامی تیروپشکەکە کۆمەڵەی یەکەم لە یانەکانی ئافرەتانی هەولێر، ئافرەتانی دهۆک، رواندز، گارە، شێخان و سنوور پێک دێت و کۆمەڵەی دووەمیش لە یانەکانی چوارقورنە، شێروانە، پیرەمەگروون، دوکان و خورماڵ پێک دێت، رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو یەکەم گەڕی وەرزی نوێی خولەکە دەستپێدەکات کە ئافرەتانی دهۆک نازناوی وەرزی رابردووی خولەکەیان بەدەستهێنا.

جەلال سەعید گوتەبێژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان رایگەیاندووە 'هەر یانەیەک رێگای پێدەدرێت یەک یاریزان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و یەک یاریزانی پیشەگەریش یاریی پێبکات'.