جوتیار عادل: پرسی په‌نابه‌ران به سیاسیی كراوه و هه‌ستی خه‌ڵكی پێ ده‌وروژێندرێت
وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ناوخۆ كۆبوونه‌وه و بڕیار درا لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له هۆكاری كۆچی گه‌نجان
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ناوخۆ كۆبوونه‌وه و بڕیار درا لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له هۆكاری كۆچی گه‌نجان.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێم دركی به هه‌ستیاری دۆسیه‌ی په‌نابه‌ریی و به‌جێهێشتنی وڵات كردووه و له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه تا ئێستا 1054 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی جێبه‌جێكردووه و 144 پڕۆژه چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردن و 120 هه‌زار هه‌لی كاری ره‌خساندووه.
گوتیشی: ئێمه په‌رۆشین بۆ ره‌وشی په‌نابه‌ران له ناوچه سنوورییه‌كانی بێلاڕووس و پۆڵه‌ندا.
سه‌باره‌ت به ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، جوتیار عادل گوتی: له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌یه‌ك راسپێردرا داتای پێویست كۆبكاته‌وه له باره‌ی هۆكاره‌كانی كۆچ و راسپارده بۆ چاره‌سه‌ر ده‌خرێنه‌ڕوو و راپۆرتێك بۆ حكومه‌ت به‌رز ده‌كاته‌وه.
روونیشیكرده‌وه، له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه و نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم له پۆڵه‌ندا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كار كراوه بۆ هاوكاریكردنی په‌نابه‌ران، به‌ڵام به‌داخه‌وه وڵاتانی ئه‌و ناوچه‌یه زۆر هاوكار نین.
جوتیار عادل ئاشكراشیكرد، ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات كێشه‌ی نێوان بێلاڕووس و یه‌كێتی ئه‌وروپایه و بێلاڕووس رێگه‌ی بۆ په‌نابه‌ران كردووه‌ته‌وه و بازرگانی به ژیانی خه‌ڵك ده‌كرێت و ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی خۆمان تووشی مه‌ینه‌تی زۆر نه‌بێت، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین هاوكاریان بكه‌ین.
گوتیشی: به گوێره‌ی هه‌ندێك ئامار ئه‌مساڵ ژماره‌ی كۆچ زۆر كه‌م بووه.
سه‌باره‌ت به باسكردنی ئه‌و پرسه، جوتیار عادل گوتی: ئه‌و پرسه كراوه‌ته سیاسی و له میدیادا هه‌ست و سۆزی خه‌ڵكی پێ ده‌جوڵێنرێت، ئه‌گینا حكومه‌تی هه‌رێم توانیویه‌تی 30 رۆژ جارێك مووچه دابه‌ش بكات، له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌یشتووینه‌ته رێككه‌وتن، له چاكسازی به‌رده‌وامین و توانیومانه كێشه‌ی به‌نزین و سوته‌مه‌نی تا راده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بكه‌ین، هیچ بابه‌تێك نه‌ماوه، ئه‌م بابه‌ته‌یان كردووه‌ته بابه‌تێكی میدیایی له پێناو ده‌ستكه‌وتی سیاسی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كۆچ به‌رده‌وامه و چه‌ندین ساڵه ئه‌م دیارده‌یه هه‌بووه و به‌رده‌وامیش ده‌بێت له ئاستی جیهاندا.
هه‌روه‌ها گوتی: پلانی حكومه‌ت مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه داهاتووییه‌كی گه‌شتر بۆ رۆڵه‌كانی ئه‌م وڵاته فه‌راهه‌م بكه‌ین و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، زیاتر له 120 هه‌زار هه‌لیكار ره‌خسێندراون. بۆیه پێویسته كار بكه‌ین له بواره جیاوازه‌كاندا هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به‌هێز بكه‌ین و ئێمه له ماوه‌ی كاركردنماندا توانیومانه هه‌زاران مووچه خۆری نایاسایی رابگرین و له سه‌دا 50ی مووچه‌ی پله باڵاكان ببڕین و 14 به‌نداو پاره‌یان بۆ ته‌رخانكراوه و پلانی گه‌وره‌ترمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێیان بكه‌ین.
سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌رانیش گوتی: گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه و هه‌ر خێزانێكی په‌نابه‌ر بیه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه هه‌موو ئاسانكارییه‌كی بۆ ده‌كرێت و تكتی فڕۆكه‌یان بۆ دابین ده‌كرێت تا بگه‌ڕێنه‌وه.