رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حکومەتی هەرێم دژی به زۆرگەڕاندنهوەی کۆچبەرانە
"پێویستە وڵاتان پابەند بن بە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافی کۆچبەران و پاراستنی ژیانیان"
K24 - ههولێر:
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایدهگهیهنێت، بەپێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پێویستە وڵاتان پابەند بن بە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافی کۆچبەران و پاراستنی ژیانیان.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگهیاند، ماوەیەکە کێشەی کۆچبەرانی سەر سنووری هەردوو وڵاتی پۆڵەندا و بێلارووس بۆتە باسی هەندێک رێکخراو و میدیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و چەند لایەنێک هەوڵ دەدەن وەک کارتێکی فشار بەکاری بهێنن گوایە بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم هۆکاری کۆچ کردنی ئەو کەسانەیە بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەک کۆچبەر کە بەشێکیان هاووڵاتیانی هەرێمن لە سەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا کۆبوونەوە و بە لێشاو هەوڵی چوونە نێو خاکی پۆڵەندایان دا.
د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم راشیگەیاند، کێشەی کۆچبەران بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا ئاڕاستەیەکی نوێی بەخۆیەوە بینیوە و وڵاتان وەک کارتێکی فشاری سیاسی دژی یەکتری بەکاری دەهێنن، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و هەندێک وڵاتی ناوچەکە روو لە گرژیە، بۆیە کەیسی کۆچبەرانیان وەک کارتێک دژی یەکتر بەکارهێناوە.
جهختیكردهوه، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک دژی بە قاچاخ بردنی هاووڵاتیانە بۆ دەرەوە، پرۆسەکە لە دەرەوەی هەرێم ئەنجام دەدرێت، کۆچبەران لە رێگای وڵاتانی دراوسێوە بە ڤیزای گەشتیاری یان بە هەر شێوەکی دیکە روو لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، بەداخەوە پرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدرێت بۆیە دەبینین بەچەند کاروانێک هەزاران کەس کۆدەکرێنەوە و ئاسانکاریی زۆریان بۆ دەکرێت تا دەگەنە سنووری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەشێکیان دانیشتووی هەرێمی کوردستان و عێراقن، بەڵام خاوەن رەگەزنامەی وڵاتانی تریشیان لەگەڵدایە، لەم دواییەدا میدیاکانی پۆڵەندا رایانگەیاند، کە لە چەند رۆژی رابردوو دوو کاروانی کۆچبەران کە ئەفریقیایی و ئەوروپی بوون لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە پەڕینەوە.
ئاماژهیپێكرد، بەپێی بەدواداچوونەکان لە چەند رۆژی رابردوو نزیکەی (3000 بۆ4000) کۆچبەر بە هەموو نەتەوە جیاوازەکانەوە لە نزیک سنووری پۆلەندا هەوڵی پەڕینەوەیان داوە، لەوانە بەشێکیان هەڵگری ناسنامەی عێراقین، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە دژی هەر هەنگاوێکە کە ببێتە هۆی گەڕانەوەی زۆرەملێی ئەو کۆچبەرانە، بەپێی رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پێویستە هەردوو وڵاتی پۆڵەندا و بێلارووس پابەند بن بە پرەنسیپەکانی جاڕنامەی جێهانی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافی کۆچبەران و پاراستنی ژیانیان، لە ئێستادا بە هۆی سەرما و سۆڵەوە کۆچبەران لە دۆخێکی مرۆیی سەخت و دژواردا دەژین و پێویستییان بە یارمەتییە.
روونیكردهوه، حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەرووی دۆخێکی ئابووری سەخت بۆتەوە بە هۆی پێشوازی کردنی لە نزیکەی دوو ملیۆن کۆچبەر و ئاوارە کە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆریان لە هەرێم ماونەتەوە لەوانە، (689,903) ئاوارەی ناوخۆیی کە بەشێکی زۆریان دانیشتووی ناوچە جێناکۆکەکانن و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان بەهۆی ناسەقامگیری ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ئەم دۆخە جۆرێک لە نائومێدی لە دەروونی هاووڵاتیان درووست کردووە لەم ناوچانە، بۆیە بەشێکی زۆری پێکهاتەکان ئەو ناوچانە روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە.
گوتی: سەدان گوند و دێهاتەکان لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم چۆڵکراون بە هۆی پێکدادانی سەربازی لە نێوان گروپە چەکدارییەکانی دەرەوەی یاسا و وڵاتە دراوسێەکان، دانیشتوانی ئەم گوندانە شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە، بەشێکی زۆریان ناوچەی کشتوکاڵی و گەشتیارین و بە ئاوەدانکردنەوەیان کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر بوژانەوەی ئابووری و کەم کردنەوەی رێژەی بێکاری لە نێو گەنجان.
روونیكردهوه، ئەوانەی کۆچ دەکەن لەوێ چیروکی ناڕاست لە بارەی ھەرێمی کوردستانەوە باس دەکەن، تەنیا لە پێناو وەرگرتنیان و لە لایەن بازرگانانی سیاسی بە کار دەهێنرێن بۆ خراپکردنی ناووبانگی هەرێم، هەروەها، لەلایەن قاچاخچی هاندهدرێن بو سودی ماددی.
گوتیشی: كۆچكردن دياردەیەكى جيهانييه و تهنيا تايبەت به كوردستان نييه، ئێستا لە کوردستان مافەکانی هاووڵاتیان بەپێی یاسا پارێزراوە و لەم دواییەدا حکومەتی هەرێم پلانی هەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ پەسەند کردووە و پاڵپشتی تەواوی جێبەجێکردنیەتی، ئەم پلانە گشتگیرە و هەموو جومگەکانی دەسەڵات و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکوانان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەرایەتی وڵاتان بەشدارن لە جێبەجێکردنیدا بە مەبەستی پەرەپێدانی بنەماکانی شەفافیەت، رۆڵی یاسا و حوکمڕانی باش.