دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: پرسی كۆچبه‌ران به‌ سیاسی كراوه‌

"داوا ده‌كه‌ین رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئه‌م پرسه‌ به‌ گرنگ وه‌ربگرن"

پرسی كۆچبه‌ران به‌ سیاسی كراوه‌
پرسی كۆچبه‌ران به‌ سیاسی كراوه‌

K24 – هه‌ولێر:

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایده‌گه‌یه‌نێت، بەداخەوە هەمووان دەزانین ئەو پرسه لە ئاستی وڵاتان بەسیاسی کراوە و ئەو خەڵکە بەکاردەهێنن وەک فشار و لە ململانێی نێوانیان.

ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

چه‌ند رۆژێكه‌ شه‌پۆلێكی دیكه‌ی كۆچكردنی  خه‌ڵكی كوردستان به‌ تایبه‌تی لاوان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستی پێكردووه‌، ئه‌مه‌ش بۆته‌ جێگای نیگه‌رانی هه‌مووان.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ پێ وایه‌ لاوانی وڵات سه‌روه‌تی نیشتیمانی كوردستانن بویە داواكارین هه‌رچی زووه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان رێگاچاره‌یه‌ك بۆ رێگری كردن له‌ كۆچكردنی گه‌نجان بدۆزنه‌وه‌ و هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بده‌ن و پرسی كاركردن و گرنگی دان بە دەستی ناوخۆ له‌ كوردستان رێكبخه‌نه‌وه‌ و هه‌وڵی دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ هاونیشتیمانیان بڕه‌خسێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كاركردنی گونجاو بۆ هه‌مووان بێته‌دی و هەمووان سودمەندبن لەسامانی گشتی وڵات.

هه‌روه‌ها داواكارین كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگای كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ زیاترین ده‌رفه‌تی كاركردن بۆ هاونیشتیمانیان بڕه‌خسێنێت له‌ پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری.

بەداخەوەش هەمووان دەزانین ئەو پرسه لەئاستی وڵاتان بەسیاسی کراوە و ئەو خەڵکە بەکاردەهێنن وەک فشارو لەململانێی نێوانیان، وڵاتی بێلارووس ڕۆڵێکی نەرێنی بینی بەپێدانی ڤیزای بێ سنوور بێ هیچ پلان وبەرنامەیەک کە بگونجێ لەگەڵ ئەو ژماره خەڵکە و بێ دیاری کردنی ئاییندەیان.

جێگای ئاماژەیە هەرێمی کوردستان لە دوای رووخانی حکومەتی بەعس تا ساڵی 2014 نمونەیەکی جوان وپێشکەوتوو بووه‌، تەنانەت خەڵکانی بیانی سەرسام بوون بەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان هه‌بووه‌، تەنانەت خەڵکانێک دووبارە گەرانەوە باوەش وڵات، و هەر ئەوەش حکومەتی بەغدای توشی ئیرەیی کرد و یەکەم هەنگاویشیان بودجە و موچەی خەڵکیان بڕی تا ئەزمونی هەرێمی کوردستان لاوازبێت و تەنانەت هەوڵی سەربازیشیاندا بۆ ئەوەی شکست بە هەرێمی کوردستان بهێنن، ئەمە جگە لە هاتنە کایەی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت هاتنی پەتای کۆرونا کە هەموویان کاریگەری گەورەیان هەبووە بۆ سەر ئابووری و ژیان لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقیش بەهیچ شێوەیەک هاوکاری هەرێمی کوردستان نه‌كرد بەپێدانی چەک و ڕووبەڕوبونەوەی داعش، بەڵکو خۆی شکستی هێنا لە چەند پارێزگایەکی عێڕاق ئەمەش بووه‌تە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی حەوانەوەی هەزاران هاووڵاتییە عێراقیەکان.

داواش ده‌كه‌ین كه‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئه‌م پرسه‌ به‌ گرنگ وه‌ربگرن له‌ ره‌وشی كۆچبه‌ران بكۆڵنه‌وه‌ و بەدواداچوون بکەن له‌ سنوری بێلارووس، و راسته‌وخۆش قسه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مافی كۆچبه‌ران پێشێل نه‌كرێت و له‌ سه‌ر بنه‌مای ڕێکەوتنەکانی مافی مرۆڤ تایبەت بە کۆچبەران مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت.

خۆشمان لەنزیکەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێری ئەو پرسە دەکەین.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

10/ 11/ 2021