یهكێتی ئهوروپا: تاوتوێی وەڵامێکی توند بهرامبهر بێلارووس دهكهین
"ڕووداوەکانی سەر سنوور تۆڵەیەکی بێدەنگی لوکاشینکۆیه"
K24 – ههولێر:
ماتیوش مۆرۆڤیێستکی سەرۆک وەزیری پۆڵەندا سەبارەت بە قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووس، مێنسكی بە تۆمەتی تیرۆر تۆمەتبار کرد.
راشیگهیاند، ڕووداوەکانی سەر سنوور تۆڵەیەکی بێدەنگی لوکاشینکۆیه، چونکە پۆڵەندا شان بە شانی وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، پشتیوانییان لە سەپاندنی سزاکان کردووە بەسەر بێلاڕووسدا، سەپاندنی سزاکانیش بەهۆی پێشێلکردنی مافەکان مرۆڤەوە بووە لەلایەن ئهو وڵاتهوه.
دوابەدوای سەرکەوتنی لوکاشینکۆ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی بێلاڕووس کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە دەڵێن ساختەکاری تێداکراوە، خۆپیشاندانی گەورە وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بێلاڕووس بەڕێوەچوون، بەرپرسانی بێلاڕووسیش هەڵمەتێکی سەرکووتکارییان دژی خۆپیشاندەران دەستپێکرد و زۆرینەی کەسایەتیەکانی ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەکی زۆر لە چالاکەوانەکانیان دەستگیرکرد.
لهمبارهیهوه سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵز میشێل سهبارهت به ڕەفتارەکانی بێلاڕووس رایگهیاند، تاوتوێی وەڵامێکی توند دەکهن، ئەوەش بەزووترین کات لەڕێی سزاکانەوە دەبێت.
راشیگهیاند، یەکێتی ئەوروپا بیر لە قەدەغەکردنی کۆمپانیای گەشتی ئاسمانی بێلاڕووس دەکاتەوە کە هەندێک لە کۆچبەرانی هێناوەتە وڵاتەکەوە، هەروەها سەپاندنی سزای ئابووری دیکە بەسەر ئەو وڵاتەدا کە پێشتر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئەوروپادا باسی لێوە کراوە.
هاوكات ڤلادیمێر ماکی وەزیری دەرەوەی بێلاڕووس تۆمەتەکانی دژی وڵاتەکەی ڕەتکردەوە رایگهیاند، هیچ بنەمایەکیان نیە.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بەرپرسیارێتی ڕەوشەکەی خستە ئەستۆی یەکێتی ئەوروپا و داوایکرد هەردوولا گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەنێوانیان ئەنجام بدرێت.
پۆڵەندا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆیان بهوه تۆمەتبار کردووە كه کۆچبەران وەکو چەکێک بهكار دێنێ، ئەمەش لەڕێی بانگهێشتکردنیان بۆ بێلاڕووس و دواتر ڕەوانەکردنیان بۆ سنووری پۆڵەندا كه زۆربهیان خەڵکی وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستانن.
چەند جارێک پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پۆڵەندا و کۆچبەراندا ڕوویداوە، ئەوەش لەکاتێکدا کۆچبەران هەوڵیانداوە بە زۆر سنووری پۆڵەندا ببەزێنن. بەرپرسانی پۆلیس و ئاسایشی پۆڵەندا دەڵێن پێدەچێت نزیکەی 12,000 کۆچبەر لەنزیک سنووری پۆڵەندا ههبن.
سهرچاوه:VOA