دووشه‌ممه، بایدن و بینگ یه‌كترده‌بینن
"قسه‌كردنی سه‌رۆك بایدن له‌گه‌ڵ شین ده‌رباره‌ی مافی مرۆڤ له هۆنك گۆنگ و موسڵمانانی ئیگۆر له شیانگیانگ و تایوان ده‌بێت"

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
پێشبینی ده‌كرێت كه جۆو بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و شی جین بینگ سه‌رۆكی چین له لوتكه‌یه‌كی به‌هێزدا، رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو، 15ی تشرینی دووه‌م (نۆڤێمبه‌ری 2021) چاویان به‌یه‌كبكه‌وێت له نێو ئه‌و گرژیی و ئاڵۆزییانه‌ی هه‌یانه ده‌رباره‌ی بازرگانی و مافی مرۆڤ و چالاكی سه‌ربازی.
واشنتۆن و په‌یجین گفتۆگۆیه‌كی توند و كێبڕكێی خراپ هه‌یه له نێوانیاندا ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی بنه‌چه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی كۆڤید-19 تا ده‌گاته فراوانبوونی جبه‌خانه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی چین.

به‌پێی راپۆرتێكی رۆیته‌رز، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا پێیانوایه كه به‌یه‌كگه‌یشتنی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ شین جین بینگ باشترین رێگه‌یه بۆ رێگری داخزانی ململانێی خراپتر له نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره به‌هێزه‌ی ئابووری.
هه‌روه‌ها سی ئێن ئێن له گه‌ڕی هه‌واڵه‌كانیدا باسی له‌وه‌كرد كه ئاشكرابووه ئه‌مه‌ریكا و چین ئه‌م هه‌فته‌یه رێكه‌وتنێكی چاوه‌ڕواننه‌كراویان كردووه ده‌رباره‌ی كه‌شوهه‌وا، كه جه‌ختده‌كاته‌وه له دڵنیایی هه‌ندێك بواری هاوبه‌شی نێوانیان.
سی ئێن ئێن ده‌ڵێت: "بایدن به ئومێد بووه له لوتكه‌ی هاوبه‌شی نێوانیان به شه‌خسی شین جین ببینێت، به‌ڵام له ماوه‌ی 2 ساڵی رابردوودا، سه‌ركرده‌ی چین-ی سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی چین-ی نه‌كردووه بۆ ئه‌و بینینه".
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌ك كه رۆژی 9ی تشرینی دووه‌م (نۆڤێمبه‌ری 2021) له‌سه‌ر پێگه‌ی ئه‌له‌كترۆنی باڵیۆزخانه‌ی چین له واشنتۆن بڵاوكراوه‌ته‌وه بڕیاره یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی نێوان بایدن و بینگ له‌دوای مانگی كانوونی دووه‌می 2021 كه بووه به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌م نزیكانه ببێت.
به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی باڵیۆزی چین، شین وتویه‌تی كه چین ئاماده‌یه بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی هاوبه‌شی نێوانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له هه‌موو بواره‌كاندا و گێڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو هێزه جیهانییه له‌سه‌ر رێڕه‌وێكی راست.
هه‌روه‌ها به‌رپرسێكی چین-یش به رۆژنامه‌ی هێڵ-ی گوتووه كه په‌یجین سووره له‌سه‌ر دووركه‌وتنه‌وه‌ی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر (كێبڕكێی ئه‌رێنی)، له‌به‌رامبه‌ردا بره‌ودان و گه‌شه‌پێدانی هاوكاری یه‌كتر له مه‌سه‌له‌ی گرنگی وه‌ك قه‌یرانی كه‌شوهه‌وا و كۆتایی هێنان به په‌تای كۆرۆنا ڤایرۆس.
ئه‌و به‌رپرسه گوتیشی: "گه‌یشتن به رێكه‌وتن له چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌شدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا كه ئه‌م دوو هێزه له كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كه‌شوهه‌وا له سكۆتله‌ندا، ئاشكرایان كرد، گه‌یاندنی په‌یامێكی پۆزه‌تیڤه بۆ گه‌یشتن به لوتكه‌ی ئاینده".
به‌ڵام به‌رپرسێك له كۆشكی سپی به ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس -ی گوتووه قسه‌كردنی سه‌رۆك بایدن له‌گه‌ڵ شین ده‌رباره‌ی مافی مرۆڤ له هۆنك گۆنگ و موسڵمانانی ئیگۆر له شیانگیانگ و تایوان ده‌بێت.
دواهه‌مین گفتووگۆی نێوان بایدن و شین له مانگی ئه‌یلوول (سێپتێمبه‌ری 2021) بووه له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا بۆ ماوه‌ی 90 ده‌قیقه.
وێرای ئه‌م گفتوگۆیه‌ی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆكی وڵاته‌كه، مانگی رابردوو له چوارچێوه‌ی یه‌كتربینینێكدا كه شه‌ش كاتژمێری خایاندووه، هه‌ریه‌ك له جیك سولیفان راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆك بایدن و یانگ جیتشی گه‌وره دیپلۆماسی چین كۆبوونه‌ته‌وه له سویسرا و هه‌ردوولا رێكه‌وتوون له‌سه‌ر به‌ستنی لوتكه‌ی باڵای نێوان هه‌ر دوو سه‌رۆك.
به‌رپرسانی چین پێیانوایه ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سولیفان و جیتشی زۆر دوورتر بووه له كه‌شوهه‌وای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مانگی ئادار (مارسی 2021) له نێوان به‌رپرسانی هه‌ردوو وڵات له ئنكوراج- ئالاسكا كه له نێوان وه‌فدی هه‌ردوو وڵات به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نتۆنی بلینكین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و وانگ یی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌ت.
به‌رپرسانی هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و چین، پاش چه‌ندین رۆژ كۆبوونه‌وه، 19ی ئادار (مارسی 2021) كۆتاییان هێنا به‌و كۆبوونه‌وانه‌ی كه واشنتۆن به كۆبوونه‌وه‌ی (سه‌خت و راشكاوی ئالاسكا)ی ناوبرد.
له ناو كۆبوونه‌وه‌كانیشدا ره‌گوڕیشه‌ی ناكۆكییه‌كانی دووجه‌مسه‌ری به‌هێزی ئابوری جیهان خرایه‌ڕوو كه هه‌نگاوێك بوو بۆ ره‌وینه‌وه‌ی ناكۆكی هه‌ردوولا له سه‌رده‌ستی ئیداره‌ی بایدن.
نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا و چین به‌ئاشكرا له چوارچێوه‌ی دوو رۆژ دانیشتنی ئالاسكادا، سه‌رزه‌نشتی سیاسه‌تی یه‌كتریان كرد، وه‌فدی ئه‌مه‌ریكا به توڕه‌ییه‌وه له‌گه‌ڵ چینییه‌كان دووان.
به‌رپرسانی چین به ئاشكرا ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی له سه‌ر سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كان و لێدوانه تونده‌كانی هه‌ریه‌ك له ئه‌نتۆنی بلینكین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و جیك سۆلیڤان راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كۆشكی سپی و له به‌رده‌م كامێرای تیڤییه‌كاندا گوتویان له مامه‌ڵه‌ی وه‌فدی وڵاتێكی میواندار نه‌چووه.
هه‌روه‌ها به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی سی ئێن بی سی، سه‌ركرده‌ی چین (شین جین بینگ) جۆو بایدن-ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای بانگهێشت كردووه بۆ ئاهه‌نگی ده‌ستپێكی ئۆلۆمپیادی زستانه‌ی 2022.
هه‌رچه‌نده چاودێرانی سیاسی پێیانوایه بایدن به‌شداری ئه‌م جۆره بۆنانه ناكات، باشترین به‌ڵگه‌ش نه‌چوونی بۆ ئۆلۆمپیادی هاوینه‌ی تۆكیۆ-ی 2021، له كاتێكدا ژاپۆن هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ریكایه.