گەشتی ئاسمانی بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی بێلارووس رێکدەخرێت
"بەڵگەی پێویست بۆ ئەو کۆچبەرانە ئامادەکراوە"

K24 – هەولێر
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا گەشتی ئاسمان بۆ ئەو کۆچبەرانە رێکدەخەن کە لە سنوورەکانی بێلارووس و پۆڵەندا دەیانەوێت بگەڕێنەوە عێراق.
کەریم نووری، بریکاری وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە 48 کاتژمێردا گەشتی تایبەتی ئاسمانی بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزومەندانەی ئەو کۆچبەرانە دەکرێت، کە لە سنوورەکانی بێلارووس و پۆڵندا گیریانخواردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد "گەشتەکان لە مینسکەوە بەرەو بەغدا دەبێت و بەڵگەی پێویست بۆ ئەو هاووڵاتییانە ئامادەکراوە، کە خواستیان لەسەر گەڕانەوەیە و هیچ کەسێکیش بە زۆر ناچار بە گەڕانەوە ناکرێت".
بریکاری وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق راشیگەیاند "حکومەتی عێراق وەک نیازپاکییەک بەرامبەر بە ئەوروپا تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی بەرەو بێلارووس راگرتووە، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو کۆچکردنە نا یاساییە هەیە".