مه‌سرور بارزانی: ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر كوردستاندا هاتوون وه‌ك پێویست له‌ سینه‌مادا ره‌نگیان نه‌داوه‌ته‌وه‌

به‌ گوێره‌ی توانا هه‌موو پشتیوانییه‌كی ماددی و مه‌عنه‌ویی بۆ كاری هونه‌ری دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری له‌ هه‌شته‌مین فێستیڤاڵی فیلمی دهۆك كرد و رایگه‌یاند، به‌ گوێره‌ی توانا هه‌موو پشتیوانییه‌كی ماددی و مه‌عنه‌ویی بۆ كاری هونه‌ری دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ و پابه‌ندین به‌ پێشخستنی كولتوور و هونه‌ر و به‌داخه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتوون وه‌ك پێویست له‌ سینه‌مادا ره‌نگیان نه‌داوه‌ته‌وه‌.

له‌ وتاره‌كه‌یدا، مه‌سرور بارزانی،  كه‌ له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ پێشكه‌شیكرد، گوتی: خۆشحاڵم له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی دهۆك به‌شدارم و ده‌ستخۆشی له‌ ستافی رێكخه‌ری فێستیڤاڵه‌كه‌ ده‌كه‌م و به‌خێرهێنانی میوانه‌كان ده‌كه‌م.

دیمه‌نێك له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌
دیمه‌نێك له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌

گوتیشی: بیستم كه‌ تیمێكی هونه‌رمه‌ند و سینه‌ماكارانی ئه‌فغانی لێره‌ن و به‌ خێرهێنانی گه‌رمی هونه‌رمه‌نده‌ ئه‌فغانییه‌كان ده‌كه‌م، چونكه‌ دۆخی وڵاتی ئه‌وانیش وه‌ك وڵاتی ئێمه‌ دژواره‌.

هه‌روه‌ها گوتی: جێی خۆشحاڵییه‌ له‌م فێستیڤاڵه‌ سینه‌ماكارانی هه‌رێمی كوردستان و جیهان به‌شدارن و ئه‌م جۆره‌ فێستیڤاڵه‌ ده‌روازه‌ی گرنگن بۆ پێشكه‌وتنی سینه‌ما و هونه‌ر و زیاتر ناساندنی هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "سینه‌ما ده‌توانێت رۆڵێكی كاریگه‌ر له‌ پرۆسه‌ی هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌ ببینێت".

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مه‌سرور بارزانی، گوتی: "گه‌لی كوردستان به‌ درێژایی مێژووی خۆی رووبه‌ڕووی ده‌یان كاره‌سات، كۆمه‌ڵكوژی، جینۆساید، سیاسه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستی و له‌ناوبردن بووه‌ته‌وه‌، له‌ په‌نجا ساڵی رابردوودا تاوانی هۆڤیانه‌ دژی‌ گه‌لی كوردستان ئه‌نجامدراون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و تاوانانه‌ و مێژووی تراژیدیای گه‌لی ئێمه‌، وه‌ك پێویست له‌ سینه‌مادا ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه"‌.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی وتاره‌كه‌یدا
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی وتاره‌كه‌یدا

هه‌روه‌ها گوتی: "مێژووی گه‌لی كوردستان پڕه‌ له‌ سه‌دان داستانی ئازایه‌تی و قاره‌مانی و چه‌ندین سه‌ركرده، رێبه‌ر، كه‌سایه‌تی، هێمای نیشتمانی و وڵاتپارێزی هه‌ن، كه‌ شیاوی ئه‌وه‌ن ببنه‌ هه‌وێنی بابه‌تی سینه‌مایی و كاریان له‌سه‌ر بكرێت".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشا، كه‌ "جوگرافیا و سرووشتی هه‌رێمی كوردستان ره‌نگه‌ زۆر بگونجێت بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ جێی وێنه‌گرتنی فیلمی سینه‌مایی" و له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتیشی: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ سینه‌ماكارانه‌ ده‌كات، كه‌ بێن وێنه‌ له‌ سرووشتی هه‌رێمی كوردستان بگرن و ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ هه‌ر هاوكاری و پشتیوانییه‌ك بۆیان".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌ كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی "پشتیوانی خۆی بۆ پێشكه‌وتنی بواری كولتووری و رۆشنبیری له‌ هه‌رێمی كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه"‌.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی وتاره‌كه‌یدا
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی وتاره‌كه‌یدا

سه‌باره‌ت به‌ پشتیوانییه‌كانی حكومه‌ت له‌ كه‌رتی هونه‌ر و سینه‌ما، سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتی: "له‌ دوو ساڵی رابردوودا حكومه‌ت به‌ گوێره‌ی توانای خۆی پشتیوانی ماددی و مه‌عنه‌ویی بۆ كاری هونه‌ری كردووه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له‌ دوو ساڵی رابردوودا به‌ هۆی قه‌یرانی دارایی و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، هه‌رێمی كوردستان له‌ ره‌وشێكی دارایی سه‌ختدا بوو" و گوتیشی: "تا ئێستاش نه‌مانتوانیووه‌ له‌و ره‌وشه‌ سه‌خته‌ ده‌رباز بین".

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ركی ئه‌م قۆناغه‌ی حكومه‌ت، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "ئێستا كاری سه‌ره‌كی حكومه‌ت دابینكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كار ده‌كه‌ین بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی بواری كولتووری و رۆشنبیری".