كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی لیبیا.. كوڕه‌كه‌ی قه‌زافی ترسی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌خاته دڵی به‌رهه‌ڵستكاران
K24- هه‌ولێر:
10 ساڵ به‌سه‌ر رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی موعه‌مه‌ر قه‌زافی، سه‌رۆكی كوژراوی لیبیادا تێده‌په‌ڕێت و له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و وڵاته به چه‌ندین وێستگه‌ی جیاوازدا بۆ گه‌ڕان به‌دوای سه‌قامگیریدا تێپه‌ڕیوه، یه‌كێك له‌و وێستگانه‌ش ئه‌وه‌یه، كه سه‌یفولئیسلام، كوڕه گه‌وره‌كه‌ی قه‌زافی خۆی وه‌ك دووه‌م كاندیدی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی لیبیا راگه‌یاندووه و تا ئێستاش له زۆرێك له ناوچه‌كانی ئه‌و وڵاته خاوه‌ن قه‌باره‌یه‌كی فراوانی جه‌ماوه‌ره.
هه‌رچه‌ند تائێستا قه‌زافی كوڕ به فه‌رمی وه‌ك كاندیدی هه‌ڵبژاردنه‌كان رانه‌گه‌یه‌ندراوه، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت له كاتێكی داهاتووی ئه‌م مانگه كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن له‌و وڵاته ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كاندیدكردنه‌وه‌ی بدات و به فه‌رمی رابگه‌یه‌نێت. دوای ئه‌وه‌ی سه‌یفولئیسلام مامه‌ڵه‌كانی خۆكاندیدكردنی پێشكه‌ش كرد، دادگای تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رایگه‌یاند، تا ئێستاش ئه‌وان به‌دوای سه‌یفولئیسلامه‌وه‌ن، كه لای ئه‌وان داواكراوه.
ئیبراهیم به‌لقاسم، شرۆڤه‌كاری سیاسی له‌و باره‌یه‌وه گوتی: كاندیدكردنی كوڕه‌كه‌ی قه‌زافی، دوای ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی له شه‌وی رابردوو به جلێكی تایبه‌ت كه پێشتر موعه‌مه‌ر قه‌زافیی باوكی به‌و جۆره جلانه به‌ناوبانگ بوو، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی، كه ده‌یه‌وێت لاپه‌ڕه‌كانی یاریكردنه‌كه‌ی رێك بخاته‌وه، چونكه ئه‌و خاوه‌ن كوتله‌یه‌كی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ره كه پێشتریش به‌هێزه‌وه پشتیوانی قه‌زافی بوون و ئه‌و ئینتیمایه‌یان به‌هێزی جاران هه‌ر ماوه‌ته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی سه‌یفولئیسلام نیازی خۆی بۆ خۆكاندیدكردن به ئاشكرا راگه‌یاند، لایه‌نگرانی قه‌زافی له شاری سه‌رت، شوێنی له‌دایكبوونه‌كه‌ی و ناوچه‌ی به‌نی وه‌لید رژانه سه‌ر شه‌قام و خۆپێشاندانێكی پشتگیری‌یان بۆ كوڕه‌كه‌ی قه‌زافی سازكرد.
له‌كاتێكدا ئه‌حمه‌د مه‌هده‌وی، شرۆڤه‌كارێكی دیكه‌ی سیاسییه و رایێكی جیاوازتری هه‌یه، ده‌ڵێت: سه‌یفولئیسلام له‌و باوه‌ڕه‌دایه، كه خاوه‌ن گه‌وره‌ترین كوتله‌ی هه‌ڵبژاردنه و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، قه‌زافیی كوڕ ده‌یه‌وێت سوود له سۆزی به‌ر له‌و راپه‌ڕینه‌ی ساڵی 2011ی خه‌ڵكی لیبیا وه‌ربگرێت، كه هاوپه‌یمانی ناتۆ پشتگیریی ده‌كرد و دواجار ده‌سه‌ڵاتی باوكی ئه‌ویان رووخاند و له ئه‌نجامدا لیبیا بۆ ماوه‌ی ده‌یه‌یه‌ك نوقمی پشێوی و توندوتیژی بوو.
سه‌یفولئیسلام به‌و جلانه ده‌ركه‌وته‌وه، كه باوكی ئه‌و ناوبانگی پۆشینی به‌رده‌وامی ئه‌و جۆره جلانه‌ی ده‌ركردبوو:
مه‌هده‌وی له لێدوانێكدا بۆ پێگه‌ی "حوڕه" گوتی: "سه‌یفولئیسلام هه‌وڵ ده‌دات سوود له شكسته‌كه‌ی شۆڕشی فێبرایه‌ری ساڵی 2011 وه‌برگرێت بۆ پێكاندنی ئامانجه‌كه‌ی و هه‌وره‌ها به‌ده‌ستهێنانی سۆزی ئه‌وا خه‌ڵكه‌ی له‌و ئه‌زموونه زیانیان به‌ركه‌وتووه، پاشانیش به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و سۆزه‌ی خه‌ڵك به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری سیاسی، ئابووری و بژێوی و وا نیشان ده‌دات، كه ئه‌و سه‌قامگیرییه ته‌نها به گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كێك له كوڕه‌كانی قه‌زافی بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌كرێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "قه‌زافیی كوڕ ئه‌وه‌ی له‌بیركردووه، كه هۆكاری سه‌ره‌كی داڕمانی لیبیا به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی باوكییه‌وه بووه، كه بۆ ماوه‌ی 42 ساڵ به‌رده‌وام بوو".
تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه یانیش لێخۆشبوو‌ن "سوڵح":
كاتێك راپه‌ڕینه‌كه‌ی ساڵی 2011 كڵپه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی موعه‌مه‌ر قه‌زافی دا، سه‌یفولئیسلام بۆ رۆیته‌رز گوتی: "لێره له لیبیا ده‌جه‌نگین و هه‌ر له لیبیاش ده‌مرین"، كاتێكیش دۆخه‌كه له‌سه‌ری مه‌ترسیدار بوو، ئه‌و هه‌وڵی دا له لیبیا به‌ره‌و وڵاتی نه‌یجه‌ر رابكات، به‌ڵام جه‌نگاوه‌ران له ناوچه‌ی زه‌نتان، كه ناوچه‌یه‌كی شاخاوییه ده‌ستگیریان كرد و ئه‌و په‌نجانه‌یان بڕین، كه پێشتر هۆشداریی پێ ده‌دایه خه‌ڵك، به‌ڵام دواتر پارێزه‌ری سه‌یفولئیسلام رایگه‌یاند، كه به‌هۆی به‌ركه‌وتنی ساچمه‌یه‌ك له ده‌ستی راستی په‌نجه‌كانی په‌ڕیون.
له‌باره‌ی سه‌یفولئیسلامه‌وه مه‌هده‌وی پرسیاری كرد: "ئایا بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه؟"، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئه‌گه‌ر بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه گه‌ڕابێته‌وه، ئه‌وا گه‌ل ناتوانێت له‌و دۆخه ناهه‌مواره‌ی بژێوی ئێستا و دابه‌شبوونی سیاسی و تێكچوون و لێكترازانی كۆمه‌ڵگه، به‌رگه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی زیاتر بگرێت".
دوای گفتوگۆی سیاسی، كه له نۆڤه‌مبه‌ری 2020 له‌نێوان لایه‌نه‌كانی ئه‌و وڵاته له سویسرا به چاودێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستیانپێكرد و ئاگربه‌ستی به‌دوای خۆیدا هێنا و بووه هۆی پێكهێنانی حكومه‌تێكی ئینتیقالی، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له 24ی دیسمه‌به‌ری ئه‌مساڵ بكات، دوای ئه‌ویش له مانگی یه‌نایه‌ری ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی به‌دوادا دێت، ئێستا لیبیا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و دۆخه سه‌خته تێپه‌ڕێنێت.
مه‌هده‌وی له‌و باوه‌ڕه‌دایه، كه كاندیدكردنی قه‌زافی كوڕ هیوایه‌ك به ئاشته‌وایی نیشتیمانیی راسته‌قینه ده‌دات له نێوان لایه‌نگرانی رژێمی پێشوو و لایه‌نگرانی فێبرایه‌ر و لایه‌نگرانی كه‌رامه، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ناوی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه خه‌لیفه حه‌فته‌ر، كه‌سی به‌هێزی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته له دژی گرووپه ئیسلامییه چه‌كداره‌كان راگه‌یاندووه، له‌وانه‌ش گرووپه‌كانی نزیك له ئیخوان موسلمین.
به‌لقاسم له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته رای جیاوازی هه‌یه و بۆ پێگه‌ی حوڕه گوتی: "هه‌ر له‌كۆنه‌وه سه‌یفولئیسلام له پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ی (لیبیای سبه‌ی) شكستی هێناوه، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌وكات باوكی ئه‌و له ده‌سه‌ڵات بوو و هه‌موو ئامرازێكی له‌به‌ر ده‌ست بوو، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه گۆڕاوه و قه‌زافی كوڕ بووه‌ته كاندیدی گرووپێكی سیاسی نه‌ك سه‌یفی ساڵی 2009 یان 2010".
به‌لقاسم گوتیشی: "سه‌ركه‌وتنی سه‌یفولئیسلام قه‌زافی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیدا زیان به هه‌موو لایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش به له‌به‌رچاوگرتنی میراتی ئه‌و ململانێیانه‌ی كه له باوكییه‌وه ماونه‌ته‌وه و ره‌نگه ئه‌ویش ببێت به شوێنگره‌وه‌ی ئه‌و ململانێیانه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و یه‌كێكه له‌و سێ ناوانه‌ی كه گه‌یشتنیان به ده‌سه‌ڵات، ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری".
وێڕای ناكۆكیه ناوخۆییه‌كانی، به‌لقاسم له‌و باوه‌ڕه‌دایه، قه‌زافی كوڕ له ده‌ره‌وه‌ی لیبیاش رووبه‌ڕووی كێشه‌ی گه‌وره ده‌بێته‌وه و گوتی: "هه‌ندێك وڵات هه‌ن به ئاشكرا بوونی سه‌یفولئیسلام له دیمه‌نی سیاسی‌دا ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، له‌وانه‌ش فه‌ره‌نسا".
له مانگی ئه‌یلول/ سێپته‌مبه‌ری رابردوو، له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی دوور گوتی: "هه‌موو جیهان كێشه‌ی له كاندیدكردنی سه‌یفولئیسلام قه‌زافی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی لیبیادا هه‌یه، ئه‌و یه‌كێكه له تاوانبارانی جه‌نگ و سزای ئه‌مه‌ریكی و نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ریدا راگه‌یه‌ندراون".
ركابه‌رییه‌كی به‌هێز:
پێشبینی ده‌كرێت حه‌فته‌ر وه‌ك دوایین كه‌س مامه‌ڵه‌ی كاندیدكردنی خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی لیبیا پێشكه‌ش بكات، دوای ئه‌وه‌ی له 22ی ئه‌یلوول/ سێپته‌مبه‌ری رابردوو به فه‌رمی ئه‌ركه سه‌ربازییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵپه‌سارد.
چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، هه‌ریه‌ك له فه‌تحی باشاغا، وه‌زیری ناوخۆی پێشوو، محه‌مه‌د خالد عه‌بدوڵڵا ئه‌لگویل، سه‌رۆكی حزبی ئاشتی و گه‌شه‌سه‌ندن "السلام والازدهار"، عارف نایز، سه‌رۆكی ته‌كه‌تولی "إحياء ليبيا" و عه‌بدولحه‌مید د‌بێبه و عه‌قیله ساڵح، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن.
مه‌هده‌وی گوتی: "كوڕه‌كه‌ی قه‌زافی له‌لایه‌ن باشاغا، خالد گویل و عارف نایزه‌وه رووبه‌ڕووی ركابه‌رییه‌كی به‌هێز ده‌بێته‌وه. ركابه‌رییه‌كه ئاسان نابێت. هه‌ر كه‌سێك بڵێت سه‌یفولئیسلام هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌باته‌وه، ئه‌وا هیچ ئاگاداری دۆخه سه‌راوژێربووه‌كه‌ی لیبیا نییه" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "به‌ڵێ، ئه‌و لایه‌نگری هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا به‌رهه‌ڵستكاریشی هه‌یه".
بڕیاره هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته به دوو گه‌ڕ به‌ڕێوه‌بچن، یه‌كه‌میان له 24ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری ئه‌مساڵ و دووه‌میش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی واتا دوای 52 رۆژ له گه‌ڕی یه‌كه‌م ده‌بێت.
مه‌هده‌وی گوتیشی: ئه‌گه‌ر سه‌یفولئیسلام له هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردن هه‌ڵه بكات، ئه‌وا له یه‌كه‌م گه‌ڕی هه‌ڵبژاردندا ده‌دۆڕێت.
وه‌ك ئاماژه‌یه‌كیش بۆ ئینتیما خێزانی و هۆزایه‌تییه‌كه‌ی، سه‌یفولئیسلام ناوه‌ندێكی تۆماركردنی له سه‌بها ده‌ستنیشان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی كاندیدبوونی خۆی له‌و ناوه‌نده پێشكه‌ش بكات، ئه‌و شاره كه ده‌كه‌وێته باشووری لیبیا، زێدی هۆزی قه‌زافییه، واتا ئه‌و شوێنه‌یه كه تا ئێستاش خانه‌واده‌ی قه‌زافی قه‌باره‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری فراوانی لێ هه‌یه و خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی فراوانی خۆبه‌خشن بۆ پارێزگاریكردن لێیان.
له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ش، به‌لقاسم گوتی: "وا دیاره ئه‌و ده‌یه‌وێت هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی له‌و شوێنه ئیداره بدات، كه خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی زۆر فراوانه"، به‌ڵام ئه‌و مه‌ترسی خۆی له‌وه‌ش نه‌شارده‌وه، كه بڕیار بدات بۆ هه‌میشه له سه‌بها جێگیر بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئێستا به بوونی سه‌یفولئیسلام له باشووری لیبیا، كه‌وتووینه‌ته سێكوچكه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار، وێڕای بوونی حه‌فته‌ر له رۆژهه‌ڵات و د‌بێبه له رۆژئاوا. ئه‌م دۆخه وامان لێ ده‌كات، به‌بێ چاوه‌ڕێكردن بچینه هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه".
له مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری رابردوو میدیاكانی لیبیا له‌سه‌ر زاری خالد مه‌شری، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئه‌و وڵاته گواستییانه‌وه، كه له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی شاره‌وانییه‌كان گوتبووی: "لیبیا ئێستا به‌سه‌ر 3 به‌شی سه‌ركی سیاسی‌دا دابه‌ش بووه نه‌ك هه‌رێمایه‌تی، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به شۆڕشی فێبرایه‌ر هه‌یه له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی رژێمی پێشوو و لایه‌نگرانی كه‌رامه".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیمان به ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانه‌وه رێكخستبا و تێیدا بۆ نموونه یه‌كێك له لایه‌نگرانی فێبرایه‌ر سه‌ركه‌وتبا، ئه‌وا لایه‌نگرانی رژێمی پێشوو یان كه‌رامه رازی نه‌ده‌بوون".
له مانگی یۆلیۆی رابردوو، سه‌یفولئیسلام له‌ڕێگه‌ی دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز رایگه‌یاند، ئاماده‌كاری بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ گۆڕه‌پانی سیاسی لیبیا كردووه.
هه‌ر له‌و دیمانه‌یه‌دا به پێكه‌نینه‌وه گوتی: "من 10 ساڵ دوور له چاوی خه‌ڵكی لیبیام به‌ڕێ كرد. پێویسته هه‌نگاو به‌هه‌نگاو وه‌ك سه‌ماكار بۆیان بگه‌ڕێمه‌وه"، گوتیشی: "ده‌بێت كه‌مێك یاری به عه‌قڵیشیان بكرێت".
پێشتریش له كۆتایی تەممووز/ یۆلیۆی ئه‌مساڵ، سه‌یفولئیسلام موعه‌مه‌ر قه‌زافی، كوڕی سه‌رۆكی پێشووی لیبیا به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز"ی ئه‌مه‌ریكی ده‌ركه‌وته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دوای چه‌ندین ساڵ له ونبوونی بۆ یه‌كه‌مجار خۆی به ئاشكرا رابگه‌یه‌نێت، كه به‌گوته‌ی چاودێران، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئه‌و ده‌ركه‌وتنه‌ی كوڕه‌كه‌ی قه‌زافی كاریگه‌ری له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسیی وڵاته دروست بكات.
دوای چه‌ند رۆژێكیش له یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی سه‌یفولئیسلام، ئه‌نجوومه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی هۆزه‌كانی پشتێنه‌ی سه‌وز له لیبیا پێشوازییان له یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی سه‌یفولئیسلام موعه‌مه‌ر قه‌زافی، كوڕی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌و وڵاته كرد، كه دوای رووداوه‌كانی 11ی فێبرایه‌ری ساڵی 2011 بۆ یه‌كه‌م جار له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكا ده‌ركه‌وته‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌نجومه‌نی ناوبراو دووپاتیكرده‌وه، "ده‌ركه‌وتنی دكتۆر سه‌یفولئیسلام قه‌زافی بۆ یه‌كه‌م جار له میدیاكان له ساڵی 2011ـه‌وه له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ یه‌كێك له رۆژنامه جیهانییه‌كان و راگه‌یاندنی خۆكاندیدكردنی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیدا، كه بڕیاره له 24ی سێپته‌مبه‌ری داهاتوودا به‌ڕێوه بچن، له ته‌واوی گه‌لی لیبیا پیرۆز ده‌كه‌ین".
H.B