ئینتیفاز قه‌نبه‌ر: هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت له عێراق سه‌ركه‌وتوو بێت ده‌بێت سه‌رۆك بارزانی پشتگیری بكات
"كورد كه‌مینه‌كانی كوردستان و عێراقیش ده‌پارێزن"

K24 - هه‌ولێر:
ئەمڕۆ كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له دهۆك، به‌ڕێوه‌چوو، له‌مباره‌یه‌وه ئینتیفاز قه‌نبه‌ر به‌رپرسی دامه‌زراوه‌یی (موسته‌قبه‌ل) له واشنتن له‌م كۆڕبه‌نده به‌شدار بوو، به كوردستان24ـی راگه‌یاند، له‌مه‌ودوا كورد له عێراق كه‌مینه نین، كورد له ئێستادا نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوون و چانسێكی زۆر گه‌وره‌یان له پێشه بۆ داهاتوو، له‌وه گرنگتر كورد كه‌مینه‌كانی كوردستان و عێراقیش ده‌پارێزن.
ئینتیفاز قه‌نبه‌ر رایگه‌یاند، هه‌ولێر به خێرایی پێشده‌كه‌وێت، ئه‌م كۆنفراسانه‌ی كه له هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چن گرنگن، په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باش له نێوان میوانان له‌م كۆڕبه‌نده‌دا هه‌بوو، له كاتێكدا ئه‌وه ده‌زانین كه له به‌غدا قه‌یرانی ئازادی هه‌یه.
قه‌مبه‌ر ئاماژه‌یپێكرد، ئه‌وه ده‌زانرێت ده‌ستووری عێراق به پشتگیری سه‌ركرده كورده‌كان نووسراوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت كه‌سێكی وه‌كو سه‌رۆك بارزانی تێیدا به‌شدار بووه، دواتر راپرسی بۆ ئه‌م ده‌ستووره كرا و زیاتر له سه‌دا 80ـی خه‌ڵكی عێراق به‌م ده‌ستووره‌یان گوت به‌ڵێ.
روونیكرده‌وه، سه‌رۆك بارزانی تاكه كه‌سه توانی چوارچێوه‌یه‌ك بۆ عێراق دروست بكات، بۆ ئه‌مه چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی عێراق ئه‌و ده‌ستووره‌یه كه سه‌رۆك بارزانی بۆ عێراقی داڕشت، جگه له‌وه‌ش هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت له عێراق سه‌ركه‌وتوو بێت ده‌بێت سه‌رۆك بارزانی پشتگیری بكات.
جه‌ختیكرده‌وه، له به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك روویدا، شۆڤێنیانه بوو، كه مافێكی سرووشتی خه‌ڵكی كوردستان بوو، بوودجه‌یان بڕی و خه‌ڵكیان له‌م شاره‌دا كووشت، به‌داخه‌وه هه‌ر سیاسییه‌ك له عێراق بیه‌وێت خۆی نمایش بكات، ده‌بێت له دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد بوه‌ستێته‌وه.