کۆچبەران چیرۆکەکانی بێلارووس و لیتوانیا دەگێڕنەوە

کونسوڵی عێراق لە مۆسکۆ: کۆچبەران ئارەزومەندانە گەڕاونەتەوە

ژمارەیەک کۆچبەر لە سنووری بێلارووس - پۆڵەندا - فۆتۆ: AFP
ژمارەیەک کۆچبەر لە سنووری بێلارووس - پۆڵەندا - فۆتۆ: AFP

K24 – مۆسکۆ

ژمارەیەک لەو کەسانەی دەیانویست لە سنوورەکانی بێلارووس و لیتوانیا بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن، باسی لە چیرۆکە پڕ ئازارەکانی ئەو سنوورانە دەکەن.

یەکێک لەو کۆچبەرە کوردانە لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ کوردستان لە فرۆکەخانەی مینسکی پایتەختی بێلارووسەوە بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: "زیاتر لە 10 رۆژ بوو لەگەڵ خێزانەکەمان بێ خواردن و ئاو بووین، زۆربەی خەڵکەکە وەک ئێمە بوون. ئێمە کە لە لیتوانیا هاتبووینە بێلارووس لەوێوە جارێکی دیکە بە زەبری هێز ئێمەیان رەوانەی لیتوانیا کردەوە، لیتوانیاش تا بڵێی لەگەڵ کۆچبەران خراپە".

بەگوتەی ئەو کۆچبەرە: "ئەوانەی لە لیتوانیان دەستگیر دەکرێن لێیان دەدرێت و پارە و کەلوپەلیان لێ دەستێنرێت، رووتیان دەکاتەوە".

ئەو داواش لە هاووڵاتییانی کوردستان دەکات، کەس روو نەکاتە ئەو سنوورانە، چونکە دەرچوون لەو سنوورانە نییە.

ژنێکی کۆچبەری کورد، کە لە سنووری بێلارووس – پۆڵەندا بوو ئەو دەڵێ: "لەگەڵ منداڵەکانمان لە سەرمان خەومان لێنەدەکەوت، زۆر ئازار و ئەشکەنجەمان دیت".

رۆژی 18/11/2021، زیاتر لە 400 کۆچبەری کورد و عەرەب لە بێلارووسەوە بە ئارەزومەندانە و بە هاوکاری هەماهەنگی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕێندرانەوە، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 کونسوڵی عێراق لە مۆسکۆ دەڵێت "گەشتەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزومەندانەی پەنابەران بەردەوام دەبن".

ماجد ئەلکیلانی، کونسوڵی عێراق لە مۆسکۆ بە کوردستان24ی راگەیاند: "توانیمان ژمارەیەک لە کۆچبەران بگەڕێنینەوە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ماوەی چەند هەفتەیەک بوو لە دۆخێکی مرۆیی خراپدا دەژیان. بێگومان گەڕانەوەیان ئارەزومەندانە بووە، کەس فشاری لێنەکردون".

گوتیشی: "گەڕانەوەی کۆچبەران بەشێوەیەکی باش و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بێلارووسە، هیوادارین ئەو کۆچبەرانەی ماون ناوی خۆیان تۆمار بکەن و بگەڕێنەوە وڵات".

ململانێی نێوان یەکێتی ئەوروپا و بێلارووس قوڵە و رەوشی کۆچبەرانیش تادێت دژوارتر دەبێت، وەک پەنابەرەکان دەڵێن لە ژیانیاندا ناخۆشی وایان نەبینیوە.

چەند هەفتەیەکە سەدان کۆچبەر لەسەر سنوورە سارد و سڕەکانی بێلارووس، گیریان خواردووە و رێگەی دەربازبوونیان بۆ ئەوروپا پێنادرێت، یەکەم کاروانی پەنابەران ئارەزومەندانە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەڕێندرانەوە هەولێر و بەغدا، بڕیاریشە لە داهاتوودا ئەم گەشتانە بەردەوام بێت.

Fly Erbil Advertisment