ئێران و پاکستان لەسەر ئاڵوگۆڕی برنج بەرامبەر نەوت رێکدەکەون

تاران بەهۆی سزاکانی ئەمه‌ریکا خۆی لە دۆلار ده‌پارێزێت

برنج
برنج

K24 - هه‌ولێر:

تاران و ئیسلام ئاباد لەسەر مامەڵەی بازرگانی شت بە شت رێکدەکەون، بە جۆرێک هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی گۆڕینەوەی نەوت بەرامبەر برنج.

ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، مەبەستی سەرەکی ئەو رێککەوتنە بۆ ئەوەیه‌ هەردوولا بگەنە ئەنجامێک و بتوانن خۆیان لە سزا سەپێندراوەکان بۆ سەر سیستەمی دارایی و بانکی ئێران بپارێزن.

هاوکات عەبدولرەزاق داوود، وەزیری بازرگانی پاکستان بە وەکالەت رایگەیاندبوو، لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ گۆڕینەوە نەوت بەرامبەر برنجی پاکستانی.

مامەڵەی بازرگانی گۆڕینەوەی شت بە شت یان کاڵا بە کاڵا، مامەڵەیەکی کۆنی مرۆڤایەتییە و بۆ سەردەمی بەر لە داهێنانی دراو دەگەڕێتەوە، کە کۆمەڵەی بچووکی کۆمەڵایەتی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییان دەگۆڕییەوە و تێیدا دراو بەکارنەدەهێندرا.

ئێستاش لە سەردەمی ئەمڕۆ، بەهۆی سزاکانی ئەمه‌ریکا بۆ سەر ئێران، تاران دەیەوێت خۆی لە دۆلار بپارێزێت و راستەوخۆ بەرهەم و بەرووبوومەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئاڵوگۆڕ بکات، لە ماوەکانی رابردووش لەگەڵ ڤەنزوێلا لەسەر گۆڕینەوەی نەوت بەرامبەر سووتەمەنی رێککەوتن.