ژنێك هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كوژێت و له‌ژێر جێگای نووستنه‌كه‌ی ده‌یشارێته‌وه
"له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه هاوسه‌رگیرم كرد، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ره‌وێڵه‌یه ده‌خه‌وتین، كه پێشتر له ژێریدا هاوسه‌ركه‌م لێ ناشتبوو"

K24 - هه‌ولێر:
ژنێك هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كوژێت و له‌ژێر جێگای نووستنه‌كه‌ی ده‌یشارێته‌وه، هه‌رچه‌نده پۆلیس هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی له‌سه‌ر هاوسه‌ری پیاوه‌كه ده‌ستنه‌كه‌وتووه، كه دوای ونبوونی پیاوه‌كه گومانیان لێی هه‌بووه، به‌ڵام كاتێك ژنه‌كه دووباره هاوسه‌رگیری ده‌كاته‌وه، كوشتنی هاوسه‌ری یه‌كه‌می ئاشكرا ده‌بێت.
ماڵپه‌ڕی "ههمشهری ئۆنلاین"ی ئێرانی بڵاویكرده‌وه، پیاوێك له شیراز له مانگی ئابی ساڵی رابردووه‌وه ونبووه، دوای رووداوه‌كه ژنێك چووه‌ته نووسنگه‌ی پۆلیسی تاوانی شیراز، گوتوویه‌تی براكه‌م به شێوه‌یه‌كی گوماناوی ونبووه و دیار نییه.
ژنه‌كه هه‌ر ئه‌وكات ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، براكه‌م ته‌مه‌نی 45 ساڵه و له هاوسه‌ری یه‌كه‌می كوڕێكی هه‌یه، ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا ژنی دووه‌می هێناوه و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌ژیا، كه ته‌مه‌نی 43 ساڵه، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه هه‌واڵی نازانین.
ژنه‌كه ده‌ڵێت، كاتێك چووه‌ته ماڵی براكه‌ی و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری دووه‌می قسه‌ی كردووه، پێی گوتووه، براكه‌ت دوایین جار ماڵی به‌جێهێشتووه و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، براژنه‌كه‌ی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، بۆ ونبوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی نیگه‌رانه، كه هیچ هه‌واڵێكی نییه.
خوشكی پیاوه ونبووه‌كه ئاشكرای كرد، پۆلیس له‌باره‌ی پیاوه‌كه ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه كرد، كاتێك قسه‌یان له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری دووه‌می كرد، به پۆلیسی گوتووه هیچ له‌سه‌ر چاره‌نووسی مێرده‌كه‌ی نازانێت، كه ماوه‌یه‌كه ونبووه، نازانێت چی به‌سه‌رهاتووه.
پۆلیس دوای ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ كوڕی پیاوه ونبووه‌كه كرد، كوڕه‌كه به پۆلیسی راگه‌یاندووه، كه باوكی كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ژنی دووه‌می هه‌بووه، "بۆیه له‌و ژنه به‌گومانم، ره‌نگه ئه‌و شتێك له‌سه‌ر ونبوونی باوكم بزانێت".
هه‌رچه‌نده گومانه‌كه‌ی لای پۆلیس كه‌وته سه‌ر هاوسه‌ری دووه‌می پیاوه‌كه، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یان نه‌بووه، كه تێوه‌گلانی ئه‌و ژنه به ونبوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی ببه‌ستێته‌وه، چه‌ند مانگێكی پێچوو، لێكۆڵه‌ره‌وانی پۆلیس زیاتر گومانیان له‌و ژنه كرد.
نزیكه‌ی ساڵێك به‌سه‌ر ونبوونی ئه‌و پیاوه تێپه‌ڕی، به‌ڵام ئه‌و پیاوه هه‌ر ده‌رنه‌كه‌وته‌وه و كه‌س هه‌واڵی نه‌زانی، تا پۆلیس ئاشكرای كرد، كه هاوسه‌ری دووه‌می پیاوه ونبووه‌كه دووباره هاوسه‌رگیری كردووه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ پیاوێكدا ده‌ژیت، ئه‌و به‌لای پۆلیسه‌وه شتێكی نامۆ بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی پیاوه ونبووه‌كه یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ژنه‌كه دووباره هاوسه‌رگیری كردووه‌ته‌وه.
پۆلیس گومانه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و ژنه چڕكرده‌وه، بڕوایان وابووه ئه‌و نهێنی ونبوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌زانێت، بۆیه دوای وه‌رگرتنی بڕیاری دادوه‌ر، ژنه‌كه‌یان ده‌ستگیركردووه و دووباره لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كرد، ژنه‌كه له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا دانی به تاوانه‌كه‌ی دا نا.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی پۆلیس، ژنه‌كه له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا گوتوویه‌تی مێرده‌كه‌م ئاڵوده‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان بووه، بۆیه كێشه‌م له‌گه‌ڵی هه‌بووه، ده‌ڵێت "له شه‌وێكی مانگی ئابی ساڵی رابردوو به‌هۆی زیاد به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه نه‌خۆش ده‌كه‌وێت، بۆیه زۆر لێی توڕه بووم و بڕێك حه‌بم بۆی كرده ناو ئاوه‌وه و دهرخواردیم دا".
گوتیشی: كاتێك بۆ به‌یانییه‌كه‌ی له‌خه‌و هه‌ڵسام، بینیم هاوسه‌ره‌كه‌م گیانی له‌ده‌ستداوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر ده‌ترسام و نه‌مده‌زانی چی له تەرمەکەی بكه‌م، بڕیارم دا هه‌ر له‌وێ بیشارمه‌وه.
ژنه‌كه ورده‌كاری تاوانه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه، كه هه‌ندێك خوێ و قوماشی هێناوه، هاوشێوه‌ی مۆمیاكردن هاوسه‌ره‌كه‌ی پێچاوه‌ته‌وه، ده‌شڵێت "دواتر جێگای نووستنهكهم رێكخست و ده‌ستم كرد به هه‌ڵكۆڵینی تا له‌وێ بیشارمه‌وه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ماڵه‌كه‌مان گه‌وره‌یه و كه‌س هه‌ستی به‌وه نه‌كرد.
ئاشكراشی كرد، دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ك، كاتێك زانیم چیدیكه پۆلیس به‌دوای بابه‌ته‌كه‌وه نییه، له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه هاوسه‌رگیرم كرد، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ره‌وێڵه‌یه ده‌خه‌وتین، كه پێشتر له‌ژێریدا هاوسه‌ركه‌م لێ ناشتبوو.
پۆلیس دوای دانپێدانانی ژنه‌كه، چوونه‌ته ماڵه‌كه‌ی و ژێر ئه‌و قه‌ره‌وێڵه‌یان ههڵكۆڵیووه، كه پیاوه‌كه‌ی تێدا نێژراوه، ته‌رمه‌كه‌یان ده‌رهێناوه و ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی-یانكردووه.
هه‌رچه‌نده ژنه‌كه ده‌ڵێت به‌هۆی ئاڵوده‌بوونی پیاوه‌كه، ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجام داوه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی پۆلیس، ژنه‌كه كێشه‌ی خێزانی له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی هه‌بووه و ململانێ‌یان له‌سه‌ر پاره بووه.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، ژنه‌كه دوای دانپێدانانی تاوانه‌كه‌ی، ئێستا له زیندانه و چاوه‌ڕێی دادگاییكردنهكهیهتی.