بە ئامانجی پاراستنی مافەکانیان؛ سیستەمی ئەلیکترۆنیی سکاڵای کرێکاران کارا کرا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردنی سکاڵای کرێکاران راگەیاند، ئامانج لێی دابینکردنی رێگەیەکی فەرمی و پارێزراوە بۆ گەیاندنی دەنگی کرێکاران و داکۆکیکردن لە مافەکانیان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەم پلاتفۆرمە فەرمییە دروست کراوە بۆ ئەوەی کرێکاران بتوانن سکاڵاکانیان بە شێوەیەکی رێکخراو تۆمار بکەن و بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان بکەن. سیستەمەکە چەندین ئامانجی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، لەوانە: دابینکردنی رێگەیەکی روون بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، پاراستنی مافی کرێکاران و زیادکردنی شەفافیەت، خێراکردنی وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها پاراستنی نهێنیی زانیارییەکانی سکاڵاکار.

سیستەمی سکاڵا چەندین تایبەتمەندیی هەیە، لەوانە تۆمارکردنی سکاڵا بە فۆرمێکی ستانداردی ئەلیکترۆنی، پۆلێنکردنی سکاڵاکان لەسەر بنەمای (مووچە، کاتی کار، ژینگەی کار، و مامەڵە)، پێدانی ژمارەی تایبەت بە هەر سکاڵایەک بۆ بەدواداچوون، و ئاگادارکردنەوەی کرێکار لە هەموو قۆناخەکانی چارەسەرکردن تاوەکو داخستن و ئەرشیفکردنی سکاڵاکە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم سیستەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی کاری دادپەروەرانە و یاسایی، و یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان پێش ئەوەی گەورە ببن.

بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، کرێکاران دەتوانن سەردانی ئەم بەستەرە بکەن:

 Skala.gkrd.krd