فراکسیۆنی پارتی: ناکرێ بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ قوتابیان بکرێت

فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات دانیشتنێکی تایبەت بە گرفتی دەرماڵەی قوتابیان بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و وەزیری خوێندنی باڵا ئەنجامبدرێت

خۆپیشاندانی قوتابیان لە سلێمانی
خۆپیشاندانی قوتابیان لە سلێمانی

K24 - هەولێر

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێستی خۆی لەبارەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی قوتابیان و گێرانەوەی دەرماڵەکانیان دەربڕی و رایگەیاند، ناکرێ بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ قوتابیان بکرێت و پێویستە هەموو کایە و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گوێ لە داواکارییەکانی قوتابیان بگرن.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەسەر داواکاری قوتابیان بۆ گێڕانەوەی دەرماڵەکانیان راگەیاند و زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "ناکرێ بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ قوتابیان بکرێت، ئەوان ئەو توێژە کاریگەرەی کۆمەڵگەن پێویستە هەموو لایەنەکان و کایە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گوێ لە داواکارییەکانیان بگرن".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمان، بەدواداچوونی وردیان کردووە کە لە ئاست داخوازییەکانی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان بن، بۆ گێرانەوەی دەرماڵەی قوتابیان، تا بەشێک لە بارگرانی بژێوی ژیانیان لەکاتی خوێندن چارەسەر بکەن.

راشیگەیاند: "وەک فراکسیۆنی پارتی یاداشتێکمان بە واژۆی زیاتر لە 50 پەرلەمانتار بە هاوکاری ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی تر ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دارایی و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر گرفتی دەرماڵەی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان".

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ خۆپێشاندانی قوتابیان بۆ داواکاری گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان لە سلێمانی دەستتپێکرد و گرژی لێکەوتەوە، لەلایەن هەندێک لە هێزە ئەمنییەکان توندوتیژی بەرامبەر بە قوتابیان کراوە. ئەمڕۆش لە چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکە خۆپێشاندانی قوتابیان دەستپێکردووە.