دەروازە سنوورییەكانی سنە لەگەڵ باشووری كوردستان دەكرێنەوە

دوای گفتۆگۆكردنیان لەگەڵ فەرماندەكانی سوپای پاسداران ئەم بڕیارە دراوە

K24 - ھەولێر

ئەندامێکی كوردی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، لە دوو رۆژی داھاتوودا سەرجەم دەروازە سنوورییە فەرمییەكانی پارێزگای سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەكرێنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە موحسین بیگلەری نوێنەری شارەكانی سەقز و بانە، لە پەرلەمانی ئێران بە میدیاكانی ئێرانی راگەیاند: "دوای گفتۆگۆكردنیان لەگەڵ فەرماندەكانی سوپای پاسداران لەو سنوورە بڕیار دراوە لە دوو رۆژی داھاتوودا سەرجەم دەروازە سنوورییە فەرمییەكانی پارێزگای سنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێنەوە.

لە دوو مانگی رابردوودا سەرجەم رێگە كۆڵبەرییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لەگەڵ باشووری كوردستان داخرابوون، ھاوكات دەروازە سنوورییە فەرمییەكانیش سنووردار كرابوون.