تیروپشکی پاشکۆی مۆندیالی 2022.. لە پۆرتوگاڵ و ئیتاڵیا تەنیا یەکێکیان دەگاتە مۆندیال

تیروپشکی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیال
تیروپشکی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیال

ئەوەی کەس چاوەڕێی نەدەکرد لە تیروپشکی قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022 روویدا، کاتێک لە زیورخ تیروپشک بۆ ئەو 12 هەڵبژاردەیە کرا کە لە پاڵاوتنەکانی ئەوروپا هێشتا چارەنووسیان بۆ گەیشتن بە مۆندیال یەکلانەبووەتەوە بێبەشبوونی هەڵبژاردەیەکی گەورە لە مۆندیالی قەتەر مسۆگەر بوو.
ئەنجامی تیروپشکەکە بۆ هەوادارانی پۆرتوگاڵ و ئیتاڵیا زۆر بێ ویژدانانە بوو، لە نێوان پۆرتوگاڵ و ئیتاڵیا تەنیا یەکێکیان دەتوانن بگەنە مۆندیالی قەتەر، ئەو 12 هەڵبژاردەیەی گەیشتنە قۆناخی پاشکۆ دابەشی سەر سێ بازنە کران و لە هەر بازنەیەک تەنیا هەڵبژاردەیەک دەگاتە مۆندیال.
لە قۆناخی یەکەمدا پۆرتوگاڵ رووبەڕووی تورکیا دەبێتەوە و ئیتاڵیا رووبەڕووی مەسەدۆنیای باکوور دەبێتەوە، ئەگەر هەردوولا بردنەوەیان بەدەستهێنا و ئەو قۆناخەیان بڕی ئەوا کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێیەکانی رووبەڕووی ئازۆری دەبنەوە و لە نێوان پاڵەوانی یۆرۆی 2016 و یۆرۆی 2020 یەکێکیان دەگاتە قەتەر.
لە بازنەیەکی دیکە لە نێوان رووسیا و پۆڵەندا و سوید و چیک تەنیا یەکێکیان دەتوانێت بلیتی گەشتکردن بۆ قەتەر بەدەست بهێنێت، رووسیا و پۆڵەندا لەلایەک و سوید و چیکیش لەلایەکی دیکە یاریی دەکەن و براوەی هەردوو یاریی شەڕ لەسەر یەکلاکردنەوەی بلیتێک دەکەن.
سکۆتلەندا و ئۆکرایناش بەرامبەر یەکتری یاریی دەکەن و براوەی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە یاریی لەگەڵ براوەی نێوان وێلز و نەمسا دەکات و لە نێوان ئەم چوار هەڵبژاردەیەش تەنیا یەکێکیان دەگاتە مۆندیالی 2022.
یارییەکانی قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا لە رۆژانی 24 و 29ـی مارسی ساڵی نوێ دەکرێت، سێ هەڵبژاردەی دیکەش هاوشانی 10 هەڵبژاردەکەی دیکە دەگەنە مۆندیالی 2022.

 

Fly Erbil Advertisment