ئینتەرنێتی بەخۆڕایی بۆ چەند ناوچەیەک دابین دەکرێت

بەشێک لە دانیشتووانی عێراق بێبەشن لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت

ئینتەرنێت
ئینتەرنێت

K24 - هەولێر

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ، بۆ ئەوەی ئینتەرنێتی بەخۆڕایی بۆ چوار ناوچەی بەغدا دابین بکەن. ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ دوو وەزارەت هاوکاری دەکەن، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری ناوەندەکانی نموونەیی و ژیری رابگەیەنن.

رەعد ئەلمەشهەدانی، گوتەبێژی وەزارەتی پەیوەندییەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتەکەیان دەستپێشخەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بەخۆڕایی راگەیاندووە، کە لە چەند ناوچەیەکی بەغدا بەگەڕ دەخرێن ئەوانیش بریتین لە ناوچی ئەبونەواس، شەقامی موتەنەبی، باب ئەلموراد و ناوچەی بەیەکگەیشتنی رواد لە مەنسوور.

راشیگەیاند، ئەو ناوچانە چڕی دانیشتووانیان زۆرە و بەشێک لە دانیشتووانەکەی بێبەشن لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، بۆیە وەزارەتەکەیان بەخۆڕایی ئینتەرنت بۆ کەسانی ناوچەکە دابین دەکات و هەر کەسێک بەو ناوچانە گوزەر بکات سوودمەند دەبێت.

ئاشکراشی کرد، ئەزموونی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بەخۆڕایی تەنیا لە ناوچەکانی بەغدا نامێنێتەوە، بەڵکو ئەگەر پڕۆژەکە سەرکەوتوو بوو، ئەوا لە چەند ناوچەیەکی دیکەی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەش فراوانی دەکەن.