بافڵ تاڵه‌بانی باسی كوژرانی موراد كانی كورده‌یی و "ده‌ركراوه‌كان" ده‌كات
ده‌ركراوه‌كان ده‌ركراون
K24 – هه‌ولێر:
بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان له باره‌ی كوشتنی موراد كانی كورده‌ییه‌وه رایگه‌یاند، قوباد تاڵه‌بانیم راسپاردووه لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه له كوشتنی كانی كورده‌یی پێكبهێنێت.
بافڵ تاڵه‌بانی گوتیشی: "هه‌ر كێیه‌ك بكوژرێت، جا یه‌كێتی بێت یان هه‌ر لایه‌نێكی دیكه، پێمان ناخۆشه و به ره‌سمی داوام له قوباد تاڵه‌بانی كردووه لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه ئاماده بكات، تا بۆمان ده‌ركه‌وێت هه‌ركه‌س به ناقانونی كوژرا بێت دڵنیا بن ئیجرائاتی خۆمان ده‌كه‌ین".
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له فێرخوازانی زانكۆ كۆبووه‌وه و گوێی لێگرتن، بافڵ تاڵه‌بانی، كه ئێستا بڕیار به‌ده‌ستی یه‌كه‌می حزبه‌كه‌یه‌تی قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌نووسان كرد.
له باره‌ی كوژرانی عه‌میدی پۆلیس موراد كانی كورده‌یی، كه له راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی سلێمانی كوشتنه‌كه‌ی گرته ئه‌ستۆ و به داواكراو و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له یاسا تۆمه‌تباری كرد و رایگه‌یاند، موراد كانی كورده‌یی خۆی راده‌ست نه‌كردووه و رووبه‌ڕووی هێزه ئه‌منییه‌كان بووه‌ته‌وه و له ئاكامدا كوژراوه.
كه‌سوكاری موراد كانی كورده‌یی ره‌تیانكردووه‌ته‌وه، كوڕه‌كه‌یان خۆی راده‌ست نه‌كردبێت و ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، ناوبراو به برینداری گواستراوه‌ته‌وه بۆ سلێمانی و له ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا كوژراوه. وه‌ك ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه و كه‌سوكاری باسیان كردووه.
هاوكات ئه‌مڕۆ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و كارمه‌نده ئه‌منییه‌ی كه له رووداوه‌كه‌دا كوژرا، له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایان كردووه، كه گومانیان له رووداوه‌كه هه‌یه و داوای لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن.
سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی لاهور جه‌نگی و رێڕه‌وی داهاتووی یه‌كێتی، بافڵ تاڵه‌بانی گوتی: "ده‌ركراوه‌كان ده‌ركراون، قه‌ت قه‌ت ملیۆنێك ساڵی دیكه‌ش ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه ناو یه‌كێتی".
سه‌باره‌ت به په‌یامه‌كه‌ی لاهور جه‌نگی، كه دوای كوژرانی موراد كانی كورده‌یی بڵاویكرده‌وه و به "هه‌ڕه‌شه" وه‌سفكرابوو، بافڵ گوتی: "توو برایه‌تیمان ئه‌وه هه‌ڕه‌شه بوو!"