ئهمريكا تهنيا له رێگهى بهغداوه هاوكارى پێشمهرگهى كردووه
ماوەی نزیکەی دوو ساڵە، ھێزی پێشمەرگە رووبەڕووی چەکدارانی داعش بووهتهوه، بەڵام تا ئێستا ئەمریکا تەنیا لە رێگەی بەغداوە ھاوکاری پێشمەرگەی کردووە
K24 – ههولێر:
ماوەی نزیکەی دوو ساڵە، ھێزی پێشمەرگە رووبەڕووی چەکدارانی داعش بووهتهوه، بەڵام تا ئێستا ئەمریکا تەنیا لە رێگەی بەغداوە ھاوکاری پێشمەرگەی کردووە، بەڵام سەرکردایەتی کورد داوا دەکات واشنتۆن ئەو ھاوکارییانە زیاتر بکات و بە راستەوخۆش بن، بەرپرسانی ئەمریکاش داوا لە ئیدارەی ئۆباما دەکەن زیاتر یارمەتی پێشمەرگە بدەن بۆ ئەوەی ھەڕەشەی داعش لە ناوچەکە نەھێڵن.
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق دەڵێ بێ پێشمەرگە شاری موسڵ رزگار ناکرێتەوە.
فەرماندەی پێشووی ناوەندی سوپای ئەمریکاش رایدەگەیەنێت، پێویستە واشنتۆن، پێشمەرگە پڕ چەک بکات، چونکە ئەوان بەرگری لە تەواوی جیھان دەکەن.
ماوەی چەند مانگێکە، سوپای عێراقی ھێز و چەک و تەقەمەنی زۆری رەوانەی ناوچەکانی دەووروبەری شاری موسڵ کردووە، بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی دووەم گەورەترین شاری عێراق کە لەناوەڕاستی 2014وە لە ژێر دەستی داعشدایە، بەڵام ئۆپراسیۆنەکانی دەووروبەری موسڵ، پێشڕەوییەکی ئەوتۆیان بەخۆوە نەبینیووە.
جەیمس جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کورستان 24 لە واشنتۆنەوە، رایگەیاند، "ھەتا داعش موسڵ و فەلوجە بەدەستەوە بێت ھەموو عێراق، کوردستان لە باکورەوە و بەسرە لە باشوور، لەرووی سیاسی، ئەمنی و ئابووریەوە مەترسیدا دەبێت. رزگارکردنەوەی شاری موسڵ، پێویستی بە پێشمەرگە دەبێت. دەبێ ھەماھەنگیشیان لەگەڵ ھۆزە سوننەکان و سوپای عێراقی ھەبێت و ئەمریکاش ھاوکاریان بێت لەو ئۆپراسیۆنە".
لە ھەمان کاتدا، فەرماندەی باڵای پێشووی سوپای ئەمریکا کە ھاوکات بەرپرسیار بووە لە ئۆپراسیۆنی دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین لە ساڵی 1991 لە باشووری کوردستان، دەڵێ پێویستە ئەمریکا، پێشمەرگە پڕچەک بکات، چونکە ئەوان تەنیا بۆ بەرگریکردن لە کورد شەڕ ناکەن، بەڵکو بەرگری لە تەواوی جیھان دەکەن.
ژەنەراڵ ئەنتۆنی زینی فەرماندەی ھێزی ھاوپەیمانان بۆ دابینکردنی نەوایەکی ئارام گوتى: "سەر سامبووم بە ئاست و توانای پێشمەرگە و پێموایە ئەوان تاکە ھێزن کە توانیوویانە رووبەڕووی داعش ببنەوە و پێموایە کە پێویستە ئەمریکا بەشێوەیەکی باشتر پێشمەرگە پڕ چەک بکات. ئەمەش نەک تەنیا بۆ بەرگریکردن لە خاک و گەلی کورد، بەڵکو پێشمەرگە بەرپرسیارێتی بەرگریکردنی تەواوی جیھانی خستووەتە سەر شانى خۆى.
سەرەڕای ستایشی رۆڵی پێشمەرگە و پێشڕەوییەکانیان لەبەرامبەر چەکدارانی داعش، لەلایەن بەرپرسانی باڵای واشنتۆنەوە، بەڵام ھێشتا ئیدارەی ئۆباما، دوودڵە لە پڕچەککردنی پێشمەرگە بەشێوەیەکی راستەوخۆ و دابینکردنی چەکی قورس بۆ ھەرێمی کوردستان.