ته‌ندروستی جیهانی: راگرتنی گه‌شته‌كان ته‌شه‌نه‌كردنی كۆرۆنای ئۆمیكرۆن ناوه‌ستێنێت
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی چه‌ند راسپارده‌یه‌ك ده‌خاته‌ڕوو
K24 - هه‌ولێر:
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای ئۆمیكرۆن له باشووری ئه‌فریقیا و ده‌نگدانه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و په‌تایه، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، راگرتنی گه‌شته‌كان ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و زنجیره گۆڕاوه‌ی كۆرۆنا ناوه‌ستێنێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پێویسته ئاگاداری كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن بین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌شیان لاوازه.
ئاژانسی فراس پرێس بڵاویكرده‌وه، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی راسپارده‌یه‌كی سه‌باره‌ت به گه‌شتكردن خستووه‌ته‌ڕوو، دوای ئه‌وه‌ی 56 وڵات گه‌شته‌كانیان له‌گه‌ڵ باشووری ئه‌فریقیا هه‌ڵپه‌سارد، بۆ ئه‌وه‌ی زنجیره گۆڕاوه‌كه‌ی كۆرۆنا نه‌چێته وڵاته‌كانیان، كه به كۆرۆنای ئۆمیكرۆن ناسراوه.
ته‌ندروستی جیهانی بڕوای وایه، هه‌ڵپه‌ساردنی گه‌شته‌كان له جیهان، نابێته هۆی ئه‌وه‌ی كۆرۆنای ئۆمیكرۆن زیاتر ته‌شه‌نه نه‌كات، به‌ڵكو راگرتنی گه‌شته‌كان ده‌بێته هۆی بارگرانی له‌سه‌ر خه‌ڵك و بژێوی ژیانیشیان قورس ده‌كات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و بڕیارانه كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌وڵی ته‌ندروستی جیهانی ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه ئاڵوگۆڕی زانیارییه‌كانی ئه‌و ڤایرۆسه وه‌كو خۆی ناگات.
ته‌ندرستی جیهانی له راسپارده‌كه‌یدا، كه به شێوه‌یه‌كی گشتی ئاراسته‌ی دانیشتووانی جیهانی كردووه، داوا ده‌كات، چاودێری ئه‌و كه‌سانه بكرێت، كه ته‌ندروستییه‌كی باشیان نییه، به‌تایبه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان له سه‌رووی 60 ساڵییه‌وه‌یه، یان ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نیان هه‌یه، وه‌كو نه‌خۆشییه‌كانی دڵ، شێرپه‌نجه و شه‌كره، یان هه‌ر نه‌خۆشییه‌كی دیكه، بۆیه پێویسته ئه‌و كه‌سانه گه‌شته‌كانیان بۆ كاتێكی دیكه دوابخه‌ن.
به‌هۆی زنجیره گۆڕاوه‌كه‌ی ئۆمیكرۆن، ژماره‌یه‌ك وڵات گه‌شتی خۆیان له‌گه‌ڵ باشووری ئه‌فریقیا راگرت، كه له‌و وڵاته كۆرۆنای ئۆمیكرۆن ده‌ركه‌وتووه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر جموجۆڵی به‌گشتی درووست كردووه.
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له راسپارده‌كه‌یدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، پێویسته په‌له بكرێت، له پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ره‌چاوی درووكه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن و به به‌ستنی ماسك خۆیان بپارێزن.
روونیشكرده‌وه، پێویسته رێكاره‌كانی گه‌شتكردن به‌پێی رێنماییه‌كان بێت و پشكنین بۆ سه‌رجه‌م گه‌شتیاران بكرێت، به‌ڵام ده‌بێت رێز له گه‌شتیاران بگریت و ئازادی تاكه‌كه‌سی پێشێل نه‌كرێت.