به‌شار ئه‌سه‌د: ئه‌مریكا پابه‌ندی مه‌رجه‌كانی بۆ ئاگربه‌ست نه‌بووه
ئه‌سه‌د هه‌ر جۆره چاره‌سه‌رییه‌ك له ده‌ره‌وه ره‌تده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر
به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سوریا له وته‌یه‌كدا له په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاند ناكۆكییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی بووه هۆی پێكدادانی ناوچه‌یی كه به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوچه‌كه، به‌تایبه‌تی سوریا داناوه.
ئه‌سه‌د پاش دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ولاته‌كه‌ی، جاری یه‌كه‌مه ده‌چێته په‌رله‌مان و وتار پێشكه‌ش ده‌كات. ته‌له‌فزیۆنی سوریا، وتاری ئه‌سه‌د به ئاوایه‌كی راسته‌وخۆ بڵاو كرده‌وه كه تێدا باس له دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی كرد، كه ته‌نیا له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا به‌ڕێوه‌چووه.
ئه‌سه‌د له‌مباره‌وه وتی گه‌لی سوریا به‌هۆی به‌شداریكردنیان له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی، جارێكی تر دونیانیان سه‌رسام كرد و رێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردندا به په‌یامێكی روون بۆ جیهان وه‌سفكرد و په‌رله‌مانتارانیش به دروشم پێشوازییان له ئه‌سه‌د كرد.
به‌شار ئه‌سه‌د له وتاره‌كه‌یدا باس له ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی كرد و تیشكی خسته سه‌ر ده‌ستكه‌وته سه‌ربازییه‌كانی، به‌تایبه‌تی له شاری ته‌دمور و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ر، كه به یارمه‌تیی سه‌ربازیی روسیا له رۆژی 27 ئادار له ده‌ستی داعشی ده‌رهێنا.
سه‌باره‌ت به راگرتنی شه‌ریش رایگه‌یاند تاكه كێشه‌ی ئاگربه‌ست ئه‌وه بوو كه وه‌ك ده‌وڵه‌تێك به ره‌زامه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی رازی بوو. به‌ڵام لایه‌نی ئه‌مریكا پابه‌ندی مه‌رجه‌كانی نه‌بوو.
به‌وته‌ی ئه‌سه‌د هێشتا دانوستانی راسته‌قینه ده‌ستیپێنه‌كردووه. ئه‌وه‌ی كه هه‌یه ته‌نیا كۆمبوونه‌وه‌ی نێوان شاندی سوریا و ناوبژێوكاری نێوده‌وڵه‌تییه.
ئه‌سه‌د هه‌روه‌ها هه‌ر جۆره چاره‌سه‌رییه‌كی ره‌تكرده‌وه له ده‌ره‌وه‌ی شانده‌كه‌ی بۆ دانوستانی ژنێف پێشكه‌ش بكرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاماژه به‌وه دا كه ته‌واوی لایه‌نه‌كانی هه‌ڵگری چه‌ك به‌شداری پرۆسه‌ی ئاشتبوونه‌وه ده‌بن و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كرد كه ده‌وڵه‌تی سوریا به دامه‌زراوه‌ییه‌كانییه‌وه دایكی ته‌واوی رۆڵه‌كانییه‌تی، كاتێ كه بڕیار له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه ده‌ده‌ن.