بۆچی شه‌ر له‌ نێوان هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێر و شوڕته‌ روویدا؟ پارێزگاری هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

پارێزگاری هەولێر چەند دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە

دیمەنێکی یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری دوای یاری یانەی هەولێر و شورتە
دیمەنێکی یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری دوای یاری یانەی هەولێر و شورتە

K24 – هەولێر

پارێزگاری هەولێر ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکرێت، لە یاری نێوان یانەی هەولێر و یانەی شورتە کەس کوژرابێت، یان بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان و عێراق کرابێت.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە یاری دوێنێی نێوان یانەی هەولێر و یانەی شورتە لە یاریگای نێودەوڵەتی فەرەنسۆ هەریری پشێوی کەوتە نێوان هاندەرانی هەردوولا، بەڵام کەس نەکوژراوە و بێڕێزیش بەرامبەر ئاڵای کوردستان و عێراق نەکراوە، وەک ئەوەی لە هەندێک شوێن بڵاوکراوەتەوە کە هاندەران لەسەر ئەو بابەتە کردویانە بە شەڕ، ئەوە دوورە لە راستییەوە.

پارێزگاری هەولێر گوتی: "خۆم لەکاتی یارییەکە لە یاریگا ئامادەبووم، لە دوا ساتی یاری نێوان یانەی هەولێر و شورتە پشێوی دروستبوو، ژمارەیەک لە هاندەران قسەیان بە یەکتر گوت و شتیان هاوێشتە یەکتر، بەتایبەتی هاندەرانی یانەی شورتە چەند کورسییەکیان شکاند، بەڵام ئەوە رەتدەکەینەوە کەس کوژرابێت، نە کەسیش دەستی بۆ ئاڵای کوردستان و عێراقی بردووە، لە هەندێک شوێن گوتراوە کە رووداوەکە لەسەر ئاڵا بووە، ئەمە هیچ راستی تێدا نییە".

جەختیکردەوە: "رووداوەکە پەیوەندی نە بە سیاسەتەوە هەبوو نە بە ئاڵا، بەڵکو یاری نێوان دوو یانە بووە، دوای یارییەکەش سەرۆک و دەستەی یانەی هەولێر تا فڕۆکەخانەش لەگەڵ یانەی شورتە بوون و بەڕێزەوە بەڕێیان کردن".

ئومێد خۆشناو، راشیگەیاند: "هەندێک کەناڵی راگەیاندن زۆر شتەکان بەلاڕیدا دەبەن، هەندێکیان گوتویانە خەڵک کوژراوە، کە هیچ بنەمایەکی نییە".