سبه‌ی بایدن و پوتن باسی چی ده‌كه‌ن؟
بایدن و پوتن كۆده‌بنه‌وه
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
له‌دوای ئه‌و به‌ڵگه هه‌واڵگرییه ئه‌مه‌ریكییه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا نێردرا بۆ جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، كه رووسیا به‌نیازه ئۆكرانیا داگیربكات، واشنتن ده‌یه‌وێت ئه‌و بابه‌ته به روونی له‌گه‌ڵ مۆسكۆ یه‌كلایی بكاته‌وه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی سبه‌ی (7ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2021) له نێوان بایدن و هاوتا رووسییه‌كه‌ی "ڤلادیمێر پۆتن"، ئه‌م بابه‌ته به روونی باسده‌كرێت.
كۆبوونه‌وه‌كه له‌رێگه‌ی ڤیدیۆ-ییه‌وه هه‌ردوو سه‌رۆك چاویان به‌یه‌كده‌كه‌وێت، ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه له‌كاتێكدایه كه نائارامییه‌كی توند له نێوان رووسیا و خۆرئاوا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئۆكرانیا هه‌یه.
جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه سه‌رۆك بایدن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هاوتا روسییه‌كه‌ی ده‌كات له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ره‌ی گرنگ، ئه‌وانیش: سه‌قامگیری ستراتیژی له‌جیهان و نێوان هه‌ردوو وڵات، مه‌سه‌له‌ی هێرشی ئه‌لیكترۆنی رووسیا بۆ سه‌ر كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان و مه‌سه‌له هه‌رێمایه‌تی.
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا، سه‌رۆك بایدن تیشكده‌خاته سه‌ر نائارامی ئه‌مه‌ریكا ده‌رباره‌ی ئه‌و چالاكییه سه‌ربازییه‌ی رووسیا له‌سه‌ر سنووری ئۆكرانیا پیاده‌ی ده‌كات و روسیاش له‌وه ئاگادارده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه‌ریكا پشتگیری ئۆكرانیا ده‌كات و سه‌روه‌ری ئۆكرانیا و سه‌لامه‌تی هه‌رێمایه‌تی ده‌وێت.
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی هه‌واڵگری كه رۆژنامه‌ی "زه واشنتۆن پۆست" ئاشكرای كردووه، رووسیا به 175 هه‌زار سه‌رباز هێرش ده‌كاته سه‌ر ئۆكرانیا له ساڵی ئاینده‌دا، به‌ڵگه‌كه ئاشكراشی ده‌كات، سووپای ئۆكرانیا ئه‌و توانایه‌ی نییه به‌رگری له وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن به‌رامبه‌ر به توانا سه‌ربازییه‌كانی رووسیا.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی "زه واشنتۆن پۆست"، سه‌رۆكی سه‌رۆكی هه‌واڵگری سه‌ربازی له سوپای ئۆكرانیا ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه، كه پێشبینی ده‌كرێت هێزه‌كانی رووسیا، وڵاته‌كه‌یان له مانگی (شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) داگیربكات، بۆیه داوای له ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا كردووه خۆیان بۆ سیناریۆیه‌كی له‌و جۆره ئاماده‌بكه‌ن.
جۆن راتكلیف، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی هه‌واڵگری نیشتمانی له میانی به‌رنامه‌یه‌كی فۆكس نیوز-دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، رووسیا ئۆكرانیا داگیرده‌كات وێرای هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی بایدن كه ئه‌مه‌ش نائارامییه‌كی گه‌وره بۆ ئه‌وروپا دروستده‌كات و ده‌بێته رێگه خۆشكردن بۆ چین، كه تایوان داگیربكات.
راتكلیف ئاماژه‌ی به داگیركردنی نیمچه دوورگه‌ی قرم- دا له‌لایه‌ن رووسیاوه له‌سه‌ره‌تای 2014 كه ئه‌وكات جۆو بایدن جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بوو، گوتیشی: "ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی هه‌قیقییه نه‌ك مه‌سه‌له‌ی بۆچوون گۆڕینه‌وه له‌گه‌ڵ رووسیا".
نیمچه دوورگه‌ی قرم له‌ساڵی 1954ه‌وه له رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه وه‌ك دوورگه‌یه‌كی سه‌ر به ئۆكرانیا ناسێنراوه.
كریس مۆرفی، سیناتۆری دیموكراته‌كان گه‌شبینه به دیداره‌كه‌ی بایدن و پوتن و ده‌شڵێت: "پێموایه هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكی دیكه نییه جگه له قسه‌كردن نه‌بێت پێكه‌وه".
سیناتۆره دیموكراتییه‌كه‌ی سه‌ر به ویلایه‌تی كۆنیكتیكت له‌به‌رنامه‌یه‌كی سی ئێن ئێن-دا دووپاتیكرده‌وه كه رووسیا هه‌ر سه‌ركێشییه‌ك بكات؛ ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌كی مێژووی ده‌كات و لێی ده‌رباز نابێت، گوتیشی: "ده‌شێت ئۆكرانیا ببێت به ئه‌فغانستان-ێكی دیكه بۆ رووسیا".
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌وه، سه‌رچاوه‌یه‌ك له پێنتاگۆن به رۆژنامه‌ی پۆلیتیكۆ-ی راگه‌یاندووه، كه رووسیا ناتوانێت ئۆكرانیا داگیربكات، وتیشی: "زیاتر پرۆپاگه‌نده‌ی رووسیایه ئه‌ویش هه‌میشه وه‌ك چه‌كێك به‌كاریده‌هێنێت بۆئه‌وه‌ی سوپای ئۆكرانیا نه‌بێت به به‌شێك له سوپای ناتۆ، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی ئۆكرانیا بچێته یه‌كێتی ئه‌وروپا-وه".
له‌ده‌ستپێكی بوون به سه‌رۆكایه‌تییه‌وه ئه‌مه دووه‌مین جاره بایدن له‌گه‌ڵ پوتن به‌یه‌كده‌گه‌ن، یه‌كه‌مین دیداری رووبه‌ڕوویان له رۆژی 16 حوزه‌یران له ژنێف -ی پایته‌ختی سویسرا به‌ڕێوه‌چوو.