رێژه‌ی نه‌زۆكی له ئێران به‌رز ده‌بێته‌وه
توانایی منداڵبوونی ژنان پاش ته‌مه‌نی 35 ساڵه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مده‌بێته‌وه
K24 – هه‌ولێر
به‌رزبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌نی شووكردن له ئێران بووه هۆی زیادبوونی رێژه‌ی نه‌زۆكی.
سه‌رۆكی سه‌نته‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌زۆكی له شاری ئه‌سفه‌هانی ئێران رایگه‌یاند به‌رزبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌نی شووكردن له ساڵانی دواییدا گرنگترین هۆكاری زیادبوونی حاڵه‌تی نه‌زۆكییه.
دكتۆر سه‌ید مه‌هدی ئه‌حمه‌دی وتی نه‌زۆكی له ئێران له ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوو له 5% بۆ زیاتر له 20% به‌رزبۆته‌وه، كه گرنگترین هۆكاری ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه، به‌رزبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌نی شووكردنه.
به‌وته‌ی سه‌رۆكی سه‌نته‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌زۆكی، توانایی منداڵبوونی ژنان پاش ته‌مه‌نی 35 ساڵه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو نزم ده‌بێته‌وه، له كاتێكدا ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌س له‌م ته‌مه‌نه‌دا شوو ده‌كه‌ن.
سه‌باره‌ت به حاڵه‌تی نه‌زۆكی پیاوانیش وتی توانایی پیاو پاش ته‌مه‌نی 50 ساڵه‌یی نزم ده‌بێته‌وه.
ئه‌و كه بۆ خۆی پسپۆری نه‌خۆشی ژنان و منداڵبوونه، رایگه‌یاند هۆكاری نه‌زكبوون له ئێران 40% تایبه‌ته به ژنان و 40% تریش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ پیاوان و 20%یش به هاوبه‌شی له‌نێوان ژن و مێرد دایه.
هۆكاری ئه‌وه‌ش بۆ هه‌ندێ له ماده‌ی كیمیاییه‌كانی ناو ژینگه، خواردنی فه‌ست فوود، به‌كارهێنانی قاپی خواردنی سه‌فه‌ری، جگه‌ره‌كێشان و شه‌پووله ئه‌لكترۆمێگناتیسییه‌كانی وه‌ك مۆبایل گه‌ڕانده‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ندێ له ژنانیش تووشی نه‌خۆشی ئه‌ندومێتریوز بوونه كه به‌هۆیه‌وه پێكهاته‌كانی ره‌حم له‌ده‌ره‌وه‌ی زك گه‌شه ده‌كه‌ن.
بۆ چاره‌سه‌ركردنی حاله‌تی نه‌زۆكی ئاماژه به‌وه ده‌دات كه زۆرێك له ژنان و پیاوانی نه‌زۆك به شێوازی ساده چاره‌سه‌ر ده‌كرێن و پێویستیان به راهێنان نییه، هه‌روه‌ها به‌شداریكردن له خوله‌كانی پێش هاوسه‌رگیریشی به‌بێ سوود وه‌سف ده‌كات و ته‌نیا ئاماژه به رێنمایی پزیشكانی پسپۆری ئه‌م بواره ده‌دات.
پسپۆره‌كه‌ی ئێرانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م حاڵه‌ته ئاماژه به كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی شووكردن ده‌دات و ده‌ڵێت پێویسته سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی دروست و كارامه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی شووكردن بگرێته‌به‌ر.