نێچیرڤان بارزانی و کازمی جەخت لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی دەکەنهوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە 7/12/2021، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وتووێژیان لەبارەی هەڕەشە ئەمنی و دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کرد،کە بنکەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاوڵاتییانیان کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە و هاووڵاتى.
کازمی جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی تەواوی هەوڵەکانی پێشمەرگە کردهوه بۆ بهرهنگاربوونهوهى تیرۆر، لەگەڵ هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزە چەکدارەکانی عێراقدا به پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکهوه، بەتایبەتيش لە ناوچەکانی بۆشایيی ئەمنیی نێوان هەردوولادا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختیشی لەسەر پێویستیی کارکردن بۆ چالاککردنی لیژنە هاوبەشەکانی هەماهەنگی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا کردهوه، بۆ بەرپەرچدانەوە و دەرکردنی پاشماوەکانی داعش و بنەبڕکردنیان کە لەسەر عیراق و کۆی ناوچەکە بوونهته مهترسى.
لای خۆیەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد، تەواوی ئامادهييى هەرێمی کوردستانيشى بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقیەکاندا دووپات كردهوه بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.