ئەو کەسەی دەیگوت داهێنەری بیتکۆینم لە دادگا کەیسەکەی بردەوە
هەواڵەکە نرخی بتکۆین بۆ سەر و 51 هەزار دۆلار بەرز کردەوە
K24 - هەولێر
پیاوێکی بە رەگەز ئوسترالی کە دەیگوت داهێنەری دراوی دیجیتاڵی بیتکۆینە، لە دادگای ئەمەریکا کەیسێکی گەورەی بردەوە و توانی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی هاوبەشێکی بازرگانی پێشووی خۆی رزگار بکات، کە بڕی قەرەبووەکە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرا.
بەگوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی"CNBC"، زانا و پسپۆڕی بواری کۆمپیتەر، کرەیگ رایت ساڵی 2016 لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو لە پشت کەسایەتی دروستکراوی "ساتۆشی ناکامۆتۆ"ـیە، کەسی یەکەمی گەشەپێدەری دراوی بتکۆین کە ئێستا نرخی یەک دانەی گەیشتۆتە 51 هەزار دۆلاری ئەمەریکی.
رایت، لەلایەن خێزانی هاوبەشی بازرگانی پێشووی، دەیڤد کلەیمان، لە میامی سکاڵای لەسەر تۆمار کرا بوو، لە سکاڵاکەدا باس لەوە کرابوو کە دەیڤد هاودامەزرێنەری بیتکۆین بووە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک لەو قازانجەی کە بیتکۆین کردوویەتی وەرنەگرتووە.
ئەگەر کەیسکە لە دژی رایت بشکایەتەوە، دەبووایە بڕی 54 ملیار دۆلار کە بە نیوەی سامانی ساتۆشی ناکامۆتۆ دادەنرێت، وەک قەرەبوو بدایە بە خێزانی دەیڤد کلیمان.
رۆژی دوو شەممە، رایت لە کۆتا دانیشتنی دادگادا توانی کەیسەکە بباتەوە و خۆی لە قەرەبووکردنەوەی خێزانی کۆچکردوو دەیڤد کلیمان رزگار بکات.
لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، نرخی بتکۆین بۆ سەر و 51 هەزار دۆلار بەرز بوویەوە.