سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی لە وەزیری بەرگری ئەمەریکا پێگەیشت
لوید ئۆستن: پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکادا هەیە
K24- ههولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، نامەیەکی لە وەزیری بەرگری ئەمەریکا، لۆید ئۆستن پێگەیشت.
لە نامەکەدا، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و هەماهەنگیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەکاتەوە.
لە بەشێکی نامەکەی وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتووە: "سوپاسی رۆڵی گرنگیی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعش دەکەین و بە رێز و پێزانینەوە یادی قوربانیدانەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بەداعش دەکەینەوە".
وەزیری بەرگری ئەمەریکا، ئاماژە بەوە دەکات، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لە بواری راوێژکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگریدا.
لە کۆتایی نامەکەیدا بۆ سەرۆکی حکومەت، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، جەخت لەوە دەکاتەوە، ” پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکادا هەیە لە سەر بنەمای بەها و رێزگرتنی هاوبەش. ئێمە بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی لە کارکردنی هاوبەشی نێوان هەردوولامان دەکەین. سوپاس بۆ پابەندبوونتان بەو هاوبەشییە گرنگەی لە نێوانماندا هەیە“.
H.B