زانیاری لەبارەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی بەسرە ئاشکرا دەکرێت
"ئەفسەرێک کراوەتە ئامانج، لێکۆڵینەوە لە تیمی مەرگ دەکات"
K24 - هەولێر
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، تەقینەوەکەی بەسرە ئەفسەرێکی کردووەتە ئامانج، کە لێکۆڵینەوە لە تیمی مەرگ دەکات.
مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "تەقینەوەکەى بەسرە هەوڵێک بووە بۆ بە ئامانج گرتنى یەکێک لەو ئەفسەرانەى بەدواى تیمى مەرگەوە بوون، کە تۆمەتبارن بە کوشتنى رۆژنامەنووس و چالاکوانان".
گوتیشی "دواى 17 ساڵ لە ئاڵنگاریی، بەداخەوە هەرکاتێک هەلێکى هیوابەخش دێتە پێشەوە، کەسانێک هەوڵى لەباربردنى دەدەن".
رۆژی سێشەممە 7/12/2021، تەقینەوەیەک لە شاری بەسرە روویدا، بەو هۆیەوە 4 کەس کوژران و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.