یەدەگی نەوتی ئەمەریکا بۆ کەمترین ئاستی 18 ساڵی رابردووی دادەبەزێت
لە هەفتەی رابردوودا بەرهەمی نەوتی ئەمەریکا گەیشتووەتە 11 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە

K24 - هەولێر
یەدەگی نەوتی ستراتیژی ئەمەریکا لە هەفتەی رابردوودا بۆ کەمترین ئاستی 18 ساڵی رابردووی دادەبەزیوە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی فەرمانگەی زانیاری ئەمەریکا، یەدەگی نەوتی ستراتیژی وڵاتەکە بە بڕی ملیۆنێک و 700 هەزار بەرمیل بۆ 600 ملیۆن و 870 هەزار بەرمیل دابەزیوە، کە ئەمەش کەمترین ئاستە و لەدوای مانگی ئایاری 2003ـەوە نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە هەفتەی رابردوودا بەرهەمی نەوتی ئەمەریکا گەیشتووەتە 11 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە دوای مانگی ئایاری ساڵی 2020ـەوە.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای جۆری ئۆمیکرۆن، کە مەترسی هەیە کاریگەری لەسەر گەشەی ئابووری جیهان هەبێت، بەڵام نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا بەرزبووەوە.