دووباره‌كردنه‌وه‌ی تیروپشكی چامپیۆنزلیگ ریال مه‌دریدی توڕه‌ كرد

راكێشانی تیروپشكی چامپیۆنزلیگ
راكێشانی تیروپشكی چامپیۆنزلیگ

لە شاری نیۆن و لە بارەگای یوێفا بە دوو جار تیروپشکی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ راکێشرا، لە ئەنجامی تیروپشکی یەکەمدا دەبوو پاریس سانجێرمان و مانچێستەر یونایتد رووبەڕوو ببنەوە و هاندەرانی تۆپی پێ چاوەڕێی بینینی رووبەڕووبوونەوەی مێسی و کریستیانۆیان دەکرد، بەڵام دوای چەند خولەکێک هەموو شتێک گۆڕا، بەهۆی چەند هەڵەیەکی تەکنیکی یوێفا بڕیاریدا تیروپشکەکە دووبارە بکاتەوە.

لە تیروپشکی یەکەمدا دەبوو پاریس سانجێرمان و مانچێستەر یونایتد یاریی ئاگرین بکەن بەڵام دۆخەکە لە تیروپشکی دووەم گۆڕا و پاریس سانجێرمان رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە، ئەم یارییە تایبەت دەبێت بۆ سێرخیۆ رامۆس و رووبەڕووی یانەکەی پێشووی دەبێتەوە، لەلایەکی دیکە مانچێستەر یونایتد لە تیروپشکی دووەمیش به‌ختی نه‌بوو، چونکە ئەمجارە بەر ئاتڵێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی کەوت و چاوەڕێ دەکرێت کریستیانۆ و هاوڕێکانی لەلایەن جەنگاوەرانی سیمیۆنی رووبەڕووی رکابەرییەکی سەخت ببنەوە.

لە یارییەکی دیکەی ئاگرینی قۆناغی شازدە لیڤەرپوولی ئینگلیزی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی رووبەڕوو دەبنەوە، کە ئەم دوو یانەیە بە پێی تیروپشکی یەکەم دەبوو بەرامبەر ساڵزبێرگ و ئەیاکس ئامستردام یاریی بکەن.

لەلایەن خۆیەوە یوڤێنتۆسی ئیتاڵی بەرامبەر ڤیاریالی ئیسپانی یاریی دەکات و بێنفیکاش لە چنگی ریال مەدرید رزگاری بوو، لە ئەنجامی تیروپشکی دووەم رووبەڕووی ئەیاکس ئامستردامی هۆڵەندی دەبێتەوە.

مانچێستەر سیتیش بەرامبەر سپۆرتینگ لێسبۆنی پۆرتوگالی یاریی دەکات و بایرن میونشنیش رووبەڕووی ساڵزبێرگی نەمسایی دەبێتەوە، لەلایەن خۆیەوە چێڵسی پاڵەوان و هەڵگری ناسناوەکە چانسەکەی هەر لەگەڵ لیلی فەرەنسی بوو، لە تیروپشکی دووەمیش کەوەتە بەرامبەر ئەم یانەیە و لە قۆناغی شازدە رووبەڕوو دەبنەوە.

بەپێی راگەیێندراوی یوێفا یارییەکانی چوونی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ لە رۆژانی 15 و 16 و 22 و 23ی مانگی دووی ساڵی داهاتوو دەکرێن، یارییەکانی گەڕانەوەش لە رۆژانی 8 و 9 و 15 و 16 و مانگی سێی ساڵی داهاتوو دەکرێن، سەرجەم یارییەکانیش لە کاتژمێر 10ی شەو بەڕێوەدەچن.

یوێفا بڕیاریداوە یاسای گۆڵ لە دەرەوەی یاریگا هەڵبوەشێنێتەوە و لە ئەگەری یەکسان بوونی دوو یانە لە ئەنجامی هەردوو یاریی، ئەوا پەنا بۆ گێمە زیادکراوەکان دەبردرێت و ئەگەر لەوێش یەکسان بوون یارییەکە دەچێتە نێو لێدانە یەکلاکەرەوەکان و براوەی یاریی دەستنیشان دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment