چاودێری مافەكانی مرۆڤ: لێكۆڵینەوە لە حەشدی شەعبی بۆ حكوومەتی عێراق تاقیكردنەوەیە
بەھۆی ئەو پێشێلکاریانەی ئەنجامیانداوە بەرامبەر به خەڵکی سڤیلی فەللوجە
K24 - ھەولێر
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ناسراو بە ھیومان رایتس وۆچ، رایگهیاند، لێکۆڵینەوە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بەھۆی ئەو پێشێلکاریانەی ئەنجامیانداوە بەرامبەر به خەڵکی سڤیلی فەللوجە، تاقیکردنەوەیەکی گرنگی دەسەڵاتی عێراقییە، کە ئایا حکوومەت توانای سزادانی میلیشیا شیعەکانی ھەیە یان نا.
ئەو رێکخراوە لە راپۆرتێکدا داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراقی کردووە، پێویستە بەزووترین کات لێپرسینەوە لەو میلیشیا شیعانە بکەن و پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکانیش شەفاف و یەکسان بن.
لەماوەی ھەفتەی رابردوودا، چەندین راپۆرت بڵاوکروانەتەوە، کە باس لە پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی دەکەن بەرامبەر بە دانیشتووانانی شارۆچكهی فەللوجە کە لەدەستی چەکدارانی داعش ھەڵھاتوون.
جۆ ستۆک بەرپرسی بەشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ، لەمبارەیەوە دەڵێ: دەبێ حکوومەتی عێراقی پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی لەو میلیشیا شیعانە بکاتە سیمبوڵێك بۆ سەلماندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو گرووپە چەکدارانە.