تایبەت بە کوردستان24؛ نزار مەحروس دەبێتە راهێنەری یانەی هەولێر

نزار مەحرووس راهێنەری نوێی یانەی هەولێر
نزار مەحرووس راهێنەری نوێی یانەی هەولێر

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 نزار مەحروس راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی سووریا لە شوێنی تاریق جەرایا دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەی هەولێر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی هەولێر لەگەڵ نزار مەحروس راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی سووریا گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بگرێتە ئەستۆ، کە پێشتر لە وەرزی 2011/2012 ئەو راهێنەرە سوورییە نازناوی خولی نایابی عێراقی لەگەڵ یانەی هەولێر بەدەستهێنا و لە جامی یەکێتی ئاسیاش پلەی دووەمیان بەدەستهێنا.
نزار مەحروس کە هاوینی ئەمساڵ ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی سووریای گرتبووە ئەستۆ، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو تەنیا دوای چوار مانگ بەهۆی دۆڕانی بەرامبەر ئێران لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دوورخرایەوە. وابڕیارە مەحروس خۆی یاریدەدەرێک و راهێنەری گۆڵپارێزان بۆ دەستەی نوێی راهێنەرایەتی یانەی قەڵاومنارە دەستنیشان بکات و راهێنەرێکی کوردیش دەبێتە یاریدەدەری دووەمی.

مەحرووس و دەستەی راهێنەرانی نوێی یانەی هەولێر رۆژی پێنجشەممە دەگەنە هەولێر و لەدوای یاریی بەرامبەر سناعە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی قەڵاومنارە دەگرنە ئەستۆ، کە پێشتر ئەو راهێنەرە سوورییە لە خولی سووریا، سعوودیە، ئوردن، ئیمارات و لوبنان راهێنەرایەتی چەند یانەیەکی کردووە و وەرزی 2006/2007 لەگەڵ یانەی شەبابی ئوردنی نازناوی جامی یەکێتی ئاسیای بەدەستهێناوە.
یانەی هەولێر لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق لە کۆی 13 یاری تەنیا 8 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی هەژدەمی ریزبەندی دێت و مەترسی دابەزینی بۆ ریزی یانە پلە یەکەکانی لەسەرە.